May 03, 2023 12:12 Asia/Tehran
  • گەشتەکەی ڕەئیسی بۆ دیمەشق لە ڕاستی دا پشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنەکانی سوریایە

«ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پلە باڵا بەپێی بانگهێشتنی فەرمیی «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی گەل (ئەنجومەنی نوێنەران)ی سوریا ڕایگەیاندووە: سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق مۆرکی پەسەندکردنی سەرکەوتنەکانی سوریایە.

«نزال مەھنا» لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی ئێرانپرێس لە دیمەشق، سەبارەت بە گرنگیی گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق ڕایگەیاند: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سووریا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و جیهان و ڕیزبەندییەکان دەبێ جارێکی تر دابڕێژرێتەوە.

«مەھنا» وتیشی: ئێران یاوەری سوریایە لە نزیکبوونەوەی ئەنقەرەو دیمەشق و بەدواداچوون بۆ ئەنجامی نزیکبوونەوەی سوریا لەگەڵ عەرەبستانیش دەکات، هەروەها بەدواداچوون بۆ پرسەکانی یەمەن و لوبنان و خودی سوریا دەکات و هەموو ئەو پرسانەش لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق لێک دەدرێتەوە.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی سوریا وتیشی: جگە لەمە، پێشخستنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و سەربازی و پێداچوونەوە بە مێژووی ١٢ساڵەی شەڕی سوریاش لە بەرنامەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لە دیمەشقە.

بە قسەی ئەم ئەندامەی پەرلەمانی سوریا ، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق پێوەندی مێژوویی نێوان سوریا و ئێران وەک دوو وڵاتی «تەوەرەی خۆڕاگری» نیشان دەدات و سوریا و ئێران لە شەڕ و ئاشتیدا پێکەوە وەستاون.

سەرپەیڤ