May 07, 2023 14:35 Asia/Tehran
  • وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی ڕێککەوتن

سەرچاوەیەکی عەرەبی ڕایگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا لە قاهیرە لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی ڕێککەوتن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی لە کاتێکدا کە کەمتر لە دوو حەوتە ماوە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی لە شاری جەددەی پایتەختی عەرەبستان لە ١٩ی مانگی مای دا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی سوریا.

کەناڵی «ئەلعەرەبیە»ی عەرەبستان وای بڵاو کردەوە، وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریدا کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو، لەسەر گەڕانەوەی مەرجداری سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دوای دابڕانێک کە نزیکەی١٢ساڵی خایاندووە، ڕێککەوتن.

ئەلعەرەبیە ڕاشیگەیاند، لە ڕەشنووسی ئەم بڕیارەدا، کە دواتر بە شێوەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، هاتووە: لە ئەمڕۆوە ٧ی مانگی مای، بەشداری شاندەکانی سوریا لە کۆبوونەوەکانی ئەم یەکێتییە دەست پێ دەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە کۆمکاری عەرەبی نۆڤەمبەری ٢٠١١ ئەندامێتیی دیمەشقی هەڵپەسارد و سزای سیاسی و ئابووریی بەسەردا سەپاند.

سەرپەیڤ