May 07, 2023 20:29 Asia/Tehran
  • بەغدا: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، پێشکەوتنی عەرەبی بەهێزتر دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، بنەمای گەشەپێدانی هاوبەشیی عەرەبی بەهێزتر دەکات.

ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرەکان بە سەرۆکایەتیی«سامح شوکری» وەزیری دەرەوەی میسر ئەنجامداو پێشهاتەکانی سوریاو پرسی گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ ناو کۆمکاری عەرەبیی تاوتوێ کرد.

دوای چەند کاژێرێک، «ئەحمەد ئەلسەحاف» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە قاهیرە گەیشتوونەتە کۆدەنگی، سەبارەت بە گەڕانەوەی دیمەشق بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی.

«فوئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیک ڕایگەیاند: لیژنەی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیاری گەڕاندنەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردەکات.

«ئەحمەد ئەبولغەیت» ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبیش ڕایگەیاند، ئەگەر «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سوریا بیەوێت بەشداریی کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی لە ڕیاز بکات، ھیچ ڕێگریەک لە ئارادا نابێت، چونکە سوریا لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ ئەندامێتیی یەکجاریی کۆمکاری عەرەبی .

«ئەبولغەیت» جەختی لەوەش کردەوە کە، گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی مانای ئەوە نییە کە قەیرانی ئەم وڵاتە چارەسەر بووە، بەڵکو بە مانای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکەیە.

سەرپەیڤ