دەمشق: دەسدرێژکاریی ئەمریکا، ڕەوشی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزکاوتر دەکا
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێی داگرت: ئەمریکا بە پەلامارەکانی، سەرلەنوێ سەلماندی کە سەرچاوەی سەرەکیی ناجێگیریی و ناسەقامی لە جیهانە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە کاردانەوە بە پەلامارەکەی ئەمریکا ڕایگەیاند: دەسدرێژکاریی ئەم دواییەی ئەمریکا، دەخرێتەسەر کارنامەی دەسدرێژکارییەکانی دژ بە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا.
ئەمریکا سەرلەنوێ سەلماندی کە سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامی لەجیهاندایەو هێزەکانی، ئاسایش و ئاشتی جیهانی دەخەنە مەترسیی.
وەزارەتی بەرەڤانیی سوریاش لە بەیاننامەیەکدا و لەکاردانەوە بە دەسدرێژکارییەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر چەند ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەو پەلامارانەی شەرمەزار کردو بە نیشانەیەکی دیکەی هاوکاریی واشنگتۆن لەگەڵ تاقمی ترۆریستیی داعش و هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی ئەو گرووپە، لێکدایەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، خۆڕاگریی ئیسلامیی عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند؛ بە درۆن و مووشەک، دوو پێگەی"التنف" و گوندی خەزرا یان شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکان لە سوریای کردۆتەئامانج.