دەرکرانی ١٥٢ مامۆستای کوردی وانەبێژ لە عەفرین؛ مووچەشیان بڕاوە
سەرچاوە خۆجێیەکان لە عەفرین دەڵێن؛ ١٥٢ مامۆستای کوردی وانەبێژ لەسەرکارەکەیان لابراون و مووچەشیان بڕاوە. پاش گەڕانەوە بۆ عەفرین، سەرباری وادەو بەڵێنیەکانی ڕابردوو سەبارەت بە پارێزراوبوونی مافی پیشەیی و دامەزران، بێ هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی، لەسەر کار لابراون.
بەپێی ڕاپۆری سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەو مامۆستایانە دەڵێن لە ساڵانی ئاوارەیی زۆرەملێدا، ئەرکی پەروەردەو فێرکارییان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو ناوچەی شەهبا، بەپێی پلانی دەرسیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام کردووەو سەرباری بارودۆخی دژوار و سەختی ئاوارەیی، چالاکیی فێرکاریی و وانەوتنەوەیان ڕانەگرتووە.
بەقسەی ئەو مامۆستایانە، پاش گەڕانەوە بۆ عەفرین، دڵنیا کرابوونەوە کە مافی وانەبێژیی و دامەزرانیان پارێزراو دەبێ و مەعاشیشیان پاش گەڕانەوە دەس پێ دەکاتەوە. بەڵام ئەوان رایانگەیاندووە کە بەرەوڕووی بڕیاری بڕانی مووچەو دەرکران لەکارەکەیان بوونەوە، بێ ئەوەی بەرپرسان هیچ ڕوونکردنەوەیەک یان هۆوهەگەرێکی فەرمی بخەنەڕوو سەبارەت بەو بڕیارە .