بۆردومانی گردووپەڕی قونەیتەرە لە باشوری سووریا لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە
سوپای رژیمی زایۆنیستی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە تێگرتنی سێ مووشەک، ناوچەکانی دەورووبەری تەپۆلکەی "تەل ئەحمەر" لە رۆژهەڵاتی پارێزگای قونەیتەرەی سووریای مووشەکباران کرد.
سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاند؛ ئەو پەلامارە لە یەکەم کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەنجامی گرتووەو سەرباری ئەوەی مووشەکەکان ناوچەیان پێکاوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.
ئەو هێرشە لەکاتێکدا ئەنجام دەگرێ کە تەنیا چەند ڕۆژ لەمەوبەریش سوپای ئەو رژیمە، بە تێگرتنی چوار مووشەک پەلاماری زەویی و زاری کشت و کاڵیی دەورووبەری ئاوایی "تورنجە" لە باکوری پارێزگای قونەیتەرەی دابوو.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، پەلامار و تاوانکاریی رژێمی زایۆنیستی لە ناوچە باشوریەکانی سووریا، بەتایبەت پارێزگاکانی قونەیتەرەو دەرعا، چڕبووتەوەو چەندین جار ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایانە، تۆپباران و مووشەکباران کراون.