نائارامی و ئاڵۆزی لە شارە کوردەکانی سوریا
دوابەدوای نائارامی و هێرشکرانە سەر ناوەندێکی حکومی لە شاری کۆبانی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا قەدەغەی کاتیی هاتووچۆیان ڕاگەیاند، کە دوای ماوەیەک هەڵگیرا.
لەم ڕووداوانەدا ١٩ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ برینداربوون و حەوت کەسیش دەستگیرکران. دوابەدوای دەستپێکرانی نائارامییەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کۆبانی جێگیرکران. هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندنی حەسەکەیش ڕایگەیاندووە کە گرووپگەلێک هێرشیان کردۆتە سەر بارەگاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە و قامیشلۆ. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و دامەزراندنی ئارامی و ئاسایش، چالاکیی خۆیان لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ پەرەپێداوە. پێشتر بەرپرسانی کوردیش ڕایانگەیاندبوو کە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر کوردە ئاوارەکانی سووریا کە خەریکی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە شاری کۆبانی بوون. "مەزڵوم عەبدی" فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و "مەحمود خەلیل عەلی" جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەیش ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە.