نزیکەی دوو هەزار بنەماڵە لە ئۆردووگای سەرێکانی چاوەڕێی گەڕانەوەن
نزیکەی دوو هەزار بنەماڵەی ئاوارەی دانیشتووی ئۆردوگای سەرێکانی لە پارێزگای حەسەکە لە کاتێکدا چاوەڕێی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیانن کە پرۆسەی گەڕانەوەی کاروانەکان ڕاگێردراوە، خوێندنگەکانی ئۆردووگا داخراون و یارمەتی مرۆڤدۆستانەش کەم بۆتەوە.
پرۆسەی بەڕێکرانی کاروانی سێهەم ڕاگیراوە و کاتی دەستپێبوونەوەشی دیار نییە. داخرانی خوێندنگەکانی ئۆردوگایش بۆتە هۆی بێبەش بوونی هەزاران منداڵ و خوێندکار لە خوێندن و کەمبوونەوەی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانیش بۆتە هۆی نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەکان بە نزیکبوونەوەی وەرزی سەرماو سۆڵە.
بە وتەی بەرپرسانی هاوپێوەند؛ بە دەستپێبوونی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڕێوبەرایەتیی خوێندن خوێندنگەکانی ئۆردووگاکەی داخستووە و هەموو کەرەستە و تفاقی نێو خوێندنگەکانیشی کۆ کردووەتەوە،لەکاتێکدا کە ئێستا ئیتر کاروانەکان وەستێندراون، کاتی وەڕێکەوتنی کاروانی سێهەم و هۆکارەکانی وەستاندنیشی هێشتا ڕوون نییە. بەرپرسانی ئۆردووگای سەرێکانی داوایان لە لایەنی بەرپرسی دۆسیە گەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە کە پرۆسەی کەوتنەڕێی کاروانەکان دەست پێ بکەنەوە و پێش دەستپێبوونی وەرزی سەرما و سۆڵە گەڕانەوەی بنەماڵەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە خێرایەکی زیاتر ببەنە پێشەوە. ئەوان هەروەها خوازیاری کرانەوەی خوێندنگاکان و دابینکرانی هەلی خوێندن بۆ هەموو خوێندکاران بوون و جەختیان کرد کە دەبێ ئیمکانات و دۆخی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ئامانجیش دابین بکرێ.