بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەلوپەل لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا
دانیشتووانی شاری "گرکە لگە"ی ناوچەی جزیرە، لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، خۆراک و کاڵاکانی دیکە بەگلەیین و هۆشداریی دەدەن، بە نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان، دابینکردنی پێداویستیی و بژێوی ژیان و سووتەمەنی، دژوارتر دەبێ.
دانیشتووانی شاری گرکەلگە لە ناوچەی جزیرەی سووریا دەڵێن، چوونەسەری تێچووی گواستنەوەو هاتووچۆ و بەرهەمهێنان، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵاو کەلوپەلی دیکەی ژیان و هەروەها توانای کڕینی خێزانەکانی کەم کردووە.
ئەو بەرزبوونەوەی نرخە دوای بڕیاری حکومەتی کاتیی سووریا لە سێزدەی سیپتەمبەر بۆ زیادکردنی نرخی هەر لیتر گازاویل لە دوانزە هەزار و ٥٠٠ لیرە بۆ حەڤدە هەزار و پێنج سەد لیرەو بەنزین لە چواردە هەزار و دوو سەد بۆ هەژدە هەزار و پێنج سەد لیرە ڕاگەیێندرا.
دانیشتووانی گرکەلگە خوازیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنێکن بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری، کۆنترۆڵی نرخەکان و یارمەتیدانی خێزانە کەمداهاتەکان.