سێهەمین کاروانی ئاوارەکانی سەریکانی بە ٥١١ بنەماڵە گەڕایەوە بۆ ناوچەی خۆیان
سێهەمین کاروانی ئاوارەکانی سەریکانی کە لە ٥١١ بنەماڵە پێکهاتبوون، دوای ساڵهای ساڵ ئاوارەبوون لە کەمپی واشۆکانی و قوتابخانەکانی حەسەکەوە گەڕانەوە بەرەو گوند و شارۆچکەکانی باشووری سەریکانی.
بە گوتەی کاربەدەستان؛ تا ئێستاش زیاتر لە ١٤ هەزار ئاوارە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، کە بەشێکیان دانیشتووانی پێشووی ناوەڕاستی شاری سەریکانین و هەوڵیش دەدرێت هەموو هەفتەیەک دوو کاروان بۆ ئەم ناوچەیە بنێردرێت. "مەحمود خەلیل" ناسراو بە "سیامەند عەفرین"، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکەیش سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوەڕاستی شاری سەریکانی ڕایگەیاند، خەڵکی غێوەیران و ناوچەکانی دیکە تا ئێستاش لە ماڵی ئاوارەکان لە سەرکانی نیشتەجێن.، هەربۆیە هەوڵ دەدرێت بۆ بردنەدەری ئەم کەسانە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بوار خۆش بکرێ بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.