چڕبوونەوەی کێشەی بێکاری و گوزەرانی ئەو کوردانەی گەڕاونەوتەوە عەفرین
ئەو کوردانەی سووریا کە گەڕاونەتەوە عەفرین، سەرباری هەوڵدان بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەو بژێوی ژیانیان، لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەلوپەل و شتوومەکی پێویست، کەمبوونی هەلی کارکردن و کەمیی داهات، بەرەوڕووی کێشەوگرفتی بەرفراوانی ئابوورین.
بەقسەی هاووڵاتیانی گەڕاوەی سووری، زۆربەی وەرشەکانی بەرهەمهێنانی پۆشاک و جل و بەرگ، هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان کەم کردووەو چوونەسەری نرخی بەنزین، کێشەی بۆ دابینکردنی نان و خواردەمەنی دروست کردووەو داخرانی ژمارێک نانەواخانەی لە عەفرین لێکەوتووەتەوە.
چوونەسەری تێچووی کرێی ئۆتۆمبیلەکانیش، هاتووچۆی خەڵکی دژوارتر کردووە.
خاوەن کارەکان لە بەشی خانووبەرە و بیناسازی، سەرباری ئەوەی پێویستیی بە دامەزرانی گەنجان و کرێکاران هەیە، مووچەی ڕۆژانەی ئەوان کە پێشتر دە دۆلار بووە، بۆ پێنج دۆلار کەم کردووە.
لەو ناوەدا، ئە کرێکارانەی رۆژانە ئیش دەکەن و کەسانی بێکار لە عەفرین، وەک دەرفەتێک بۆ بەدەسهێنانی داهات هیوایان بە وەرزی ڕنینەوەی زەیتوون بوو، بەڵام دابەزینی نرخی بەرووبوومی زەیتوونیش ئاسۆی داهاتی ئەوانی بەرتەسک کردووە چونکە نرخی هەر کیلۆگرام زەیتوون لە ساڵی ڕابردوو، سەدو پەنجا لیری سووریا بوو بەڵام ئەمساڵ بۆ حەفتا لیر کەمی کردووە.