رەخنەی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە خەمساردیی دیمەشق لەحاند گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی
کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، حکومەتی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی ئەو شارەی تۆمەتبارکرد بە خەمساردیی لەحاند ئامادەکاریی و بوارخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و خوازیاری دابینکرانی ئاسایش، کرانەوەی ڕێگاکان و ڕادەست کردنەوەی مڵک و ماڵ و خانووبەرە و بیناکان بە دانیشتووانی سەرەکیی بەرلەدیاریکرانی پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەکە بوو.
کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، حکومەتی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای ئەو شارەی تۆمەتبار کرد بەوەی خاوەخاو دەکا لە رەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕایگەیاند؛ لەکاتێکدا کە بەشی زۆری دانیشتووانی سەرەکیی ئەو شارە هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەوڵ دەدرێ ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرێکانی و ناوچەکانی دەورووبەری دیاری بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو کۆمیتە وێڕای ئاماژە بە نەبوونی دەستەبەرییە ئاسایشییەکان، هەڵنەگیرانەوەی مینەکان و ئامادەبوونی گرووپە چەکدارەکان وەک بەربەستە سەرەکییەکانی درێژەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ڕایگەیاند: دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق لەو ناوچەدا بەرتەسکەو پێکهاتەی ئیداریی و بەڕێوەبەرایەتیی شارەکەش هاوشێوەی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی حکومەت ناجوڵێتەوە. هێشتا پێنج هەزار و پێنجسەد ماڵ و خانووبەرەی هاووڵاتیانی کورد لە سووریا لەدەست گرووپە چەکدارەکاندایە.