وەدی هاتنی زیاتری ڕێککەوتنەکانی ئێران لەگەڵ عەرەبستان لە بارەی حەججی ئەمساڵەوە
نوێنەری وەلیی فەقی و سەرپەرشتی حاجییە ئێرانییەکان وتی: زۆربەی ئەو ڕێککەوتنانەی نێوان ئێران و وەزارەتی حەججی عەرەبستانی سەعودی لە بارەی حەججی ئەمساڵەوە وەدی هاتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، حوججەتولئیسلام عەلی قازی عەسکەر نوێنەری وەلیی فەقی و سەرپەرشتی حاجییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی لە ڕێ و ڕەسمی دواین دۆعای کومەیلی بەعسەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هوتێل (ویۆلێت)ی مەککەی موکەڕڕەمە دا، حەججی ئەمساڵی بە ڕەنگدانەوەی گەشەو نشونمای گەلی ئێران زانی و وتیشی: خواستە ناخەکییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دروشمەکەی حەججی ئەمساڵ لەمەڕ( مەعنەوییەت، دەستەڵاتی نیشتیمانی و هاوپشتیی ئیسلامی) وەدی هاتووە.
قازی عەسکەر وتیشی: حاجیەکانی ئێران ئەمساڵ بە هەموو وڵاتانی ئیسلامییان نیشان دا کە لایەنگری یەکێتین و لە مەناسکی حەجج دا بە شوێن ئاژاوەنانەوەو بابەتگەلی فیرقەیی و ئەتنیکییەوە نین.
حوججەتولئیسلام عەلی قازی عەسکەر نوێنەری وەلیی فەقی و سەرپەرشتی حاجییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی وتەکانی دا باسی ناس کرانی تەرمی یانزەکەس لە شەهیدانی کارەساتەکەی مینای ساڵی 2015ی کردو وتیشی: لە وتووێژەکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ وەزیری حەججی عەرەبستان سەبارەت بە پێ و شوێن گرتنی کاروباری هاوپەیوەند بە ڕووداوەکانی مەسجدولحەرام و کارەساتەکەی مینا بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هەزاران زیارەتکارو لەوانە 464 زیارەتکاری ئێرانی ڕۆژی جێژنی قوربانی دوو ساڵ لەمەوپێش واتە بیست و چواری سپتامبەری ساڵی 2015و لە کاتی بەجێ هێنانی مەناسکی حەجج لە سەرزەوینی مینادا لە بەر خەمساردی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی ئالی سەعود گیانی خۆیانیان لە دەست دا.