تشرینی یه‌که‌م 05, 2017 10:38 Asia/Tehran
  • داکۆکیی ئەورووپا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنگرێسی ئەمریکا

باڵیۆزانی وڵاتانی بەریتانیا، فەرانسا، ئەڵمان و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە ئەمریکا داکۆکییان کرد لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥) لە کۆنگرێسی ئەمریکا.

"کیم داروچ" Kim Darroch باڵیۆزی بەریتانیا لە واشینگتۆن، ژێرارد ئارۆد"  Gerard Araud  باڵیۆزی فەرانسا لە ئەمریکا، "پیتەر ویتیگ" Peter Wittig باڵیۆزی ئەڵمان لە واشینگتۆن و "دەیڤید ئۆسالیڤان" David O'Sullivan نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕووانگە و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ داکۆکی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ هێنایە ئاراوە.

ئەم کۆبوونەوەیە بەشێک لە هەوڵی لاگرانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە لە هەمبەر هەوڵی شیمانەیی دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ تیابردنی ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییەیە.

دەوڵەتی ئەمریکا بە پێی یاسا و ڕێسا نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە دەبێ هەر ٩٠ ڕۆژ جارێ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پێبەندیی ئێران بە بەڵێنەکانی  لە ڕێککەتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ گرووپی ١+٥ ئاراستەی کۆنگرێسی ئەم وڵاتە بکات. بەرواری ڕاپۆرتی ئەمجارە ١٥ی ئۆکتۆبەرە.

بێتوو ترەمپ ڕایگەیەنێت کە ئێران پێبەند نەبووە بە بەرجام، کۆنگرێس ٦٠ ڕۆژ دەرفەتی دەبێ بۆ بڕیاردان سەبارەت بە سەر لە نوێ داسەپاندنەوەی ئەو بایکۆتانەی کە جێبەجێ کرانیان لەبەڕ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگیردرابوو.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.

"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ