قاسمی: کاربەدەستانی سەعودی دەبێ بە ڕوانگەو بۆچوونەکانیاندا بچنەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی دژی ئێرانیی وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان پێی داگرت: گەلێک جێی داخە کە ئەو بە تەمایە هەمان ڕوانگەی پڕلە هەڵە و پڕ خەرج و بەرج و بێ ئەنجامی ساڵانی ڕابردووی عەرەبستان پێ و شوێن بگرێت.
عادڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی لە درێژەی بانگەشە پڕوپوچ و بێ ناوەڕۆکەکانی خۆی دا بەرامبەر بە ئێران لە هزرگەی (چەتم هاوس)ی لەندەن ڕایگەیاند: ئێمە شایەتی پەرە سەندنی هەڵس و کەوتی دوژمنکارانەی ئێران لە ناوچەکە، یەمەن، سووریاو پاکستانین و ئەگەر ئێران ئێستاکە خەریکی دروست کردنی ئەم هەموو ئاژاوەیەیە داخۆم کاتێک کە دەستی بە چەکی ناڤۆکی بگات چ دەکات؟
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان هەروەها بە دەربڕینی ئەمەی کە، بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان لە عێراق دا، پێکهێنانی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ ئەم وڵاتەدا، بانگەشەی کرد کە گوایە ئێران بە نیازی زاڵ بوون بە سەر عێراق دایە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: کاربەدەستانی سەعودی دەبێ لە باتی شاگەشکە کردنی لە ڕادە بەدەر بۆ وتەو سیاسەتە چەند پاتەوە بووە بێ ئاکامەکانی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران، ڕێگایەکی دەرباز بوونی ئابڕومەندانە بۆدەرچوونیان لەو قەیرانە نێوخۆیی و ناوچەییانەی کە بەرەوڕووی بوونەتەوە ، بدۆزنەوە.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: با کاربەدەستانی سەعودی لەمەزیاتر جەماوەری عەرەبستان و ناوچەکە نەکەنە قوربانیی بۆچوون و هەڵسەنگاندنە وەهماوی و هەڵەو ساویلکانەکانی خۆیان و بە دووربینی و لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرپرسایەتیی خۆیان و بەبێ دەمارگرژی و بەدوور لە هەرچەشنە جەهر کردنێک ، پێملی ڕاستییەکانی ناوچەکە بن .