تشرینی دووه‌م 07, 2017 16:12 Asia/Tehran
  • سەرتیپ حاتەمی: ئێران، ئاسایشی پاکستان بەئاسایشی خۆی دەزانێ

وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێی داگرت: ڕێزدانان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتانی ناوچە ، لە بنەما پاوەجێکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەو بەم پێیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاسایشی پاکستان بەئاسایشی خۆی دەزانێ.

سەرتیپ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ قەمەر جاوید باجوا، فەرماندەری هێزی زەوینیی سوپای پاکستان لەتاران، بەئاماژە بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان، ئامادەبوونی قەمەر جاوید باجوا لەتارانی بەمایەی پتەوبوونی سەقام، ئاسایش و پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ناوبرد.

سەرتیپ حاتەمی بەئاماژە بە پیلانی ئیستکباری جیهانی لەچوارچێوەی ناجێگیرکردنی هێمنایەتی ناوچەکە وتی: هەندێ وڵاتی ناوچەو بەدەر لەناوچە، دەستبەرداری هەوڵە ناجێگیرکەرەکانیان نەبوون و کەوتوونەتە داوی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکاو ڕژیمی زایۆنی و پاش هێرش بۆسەر ئەفغانستان و ئێراق، هێنانەدی داعش لەئێراق و سووریاو شەڕی یەمەن، ئێستا لەهەوڵی پارچە پارچەکرانی وڵاتانی ناوچەو بشێوی نانەوەن.

وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەپێداگری لەسەر پیلانگێڕیی پڕووپووچی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی، ئەوانی بە گەورەترین لایەنگری تیرۆریزم لەناوچەدا ناوبردو وتی: توندڕەویی خوازی، هەڵقووڵاو لە سیاسەتەکانی ئەمریکاو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، تەنیا بیانوونەیەکە لەلایەن کاربەدەستانی کۆشکی سپی بۆ زاڵبوون بەسەر سەرزەوینە ئیسلامییەکان و سامان و سەرچاوەکانیان.

سەرتیپ حاتەمی هەروەها خۆڕاگریی ئێران لەهەمبەر جێ بەجێ کرانی گەڵاڵە زاڵمانەکانی ئەمریکاو ڕژیمی زایۆنی، بە هۆکاری سەرەکیی گوشار لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبردو وتی: ئێران لەوپەڕی تواناو پتانسێلی خۆی کەڵک وەردەگرێ بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەو یەکپارچەیی خاکی وڵاتان.

قەمەر جاوید باجوا فەرماندەری هێزی زەوینیی سوپای پاکستانیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە پتانسێلی وڵاتانی ئیسلامی، جەختی کرد لەسەر پێویستیی هاودڵی و دانوستان لەچوارچێوەی چارەسەریی گیروگرفتەکان.

فەرماندەری هێزی زەوینیی سوپای پاکستان شەوی یەکشەممە بەئامانجی وتووێژ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە تاران.

سەرپەیڤ