تشرینی دووه‌م 13, 2017 16:00 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بەپێی سیاسەتی بنچینەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاران قەت دەسوەردانی کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە نابێ.

بەپێی ڕاپۆری پەیامنێری بەشی دەرەوە سنووریی رادیۆ وتەلەفزیۆن، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران هەردەم خوازیاری چەسپانی ئاسایش و هێمنی لەلوبنانە، وتی: پرسی لەکارکشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە هاوپێوەندە بە خودی لوبنانییەکان.

قاسمی لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری دەرەوەسنووریی رادیۆ وتەلەفزیۆن و ژمارێک میدیای دیکە لەبارەی داوای عەرەبستان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی خێرای کۆمکاری عەرەب دژ بەئێران، وتی: ئەو چەشنە کردانە لەلایەن عەرەبستانەوە، شتێکی نوێ نییەو سەرانی ئالی سەعوود لەبەر کێشە ناوخۆیی و دەرەوەییەکان و شکستی بەدوای یەکیان، تێدەکۆشن کۆدەنگییەک لەدژ ئێران سازبدەن.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە گۆڕانکارییەکانی یەکساڵی ڕابردوو پێشاندەری شکست هێنانی سیاسەتەکانی عەرەبستان لەناوچەیە، وتی: دانیشتنی داهاتووی کۆمکاری عەرەب لە قاهیرەش ئەنجامێکی شیاوی بۆ عەرەبستان نابێ چونکە وڵاتانی ناوچەش گۆڕانکارییەکانی ناوچە بەوردیی پێوشوێن دەگرن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی جم و جۆڵەکانی عەرەبستان بۆ هەڵایساندنی شەڕی بەوەکالەت لە لوبنانیش وتی: بەپێی گریمانە هەڵوێست ناگیردرێ، بەڵام سیاسەتی ئێران دەسوەردان نەکردن لە کاروباری وڵاتان و ڕاسپێریی ڕەچاوکردنی دیالۆگ و وتووێژە.

قاسمی لەبارەی سەفەری بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ئێران وتی: ئەو سەفەرە، لەبەرنامەی کاری دوو وڵاتدایەو هەتا کۆتایی ئەمساڵی زایینی جانسۆن سەردانی تاران دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەفەری ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە بۆ ئێرانیش وتی: پرسی سەفەری مەکرۆن بۆ ئێران، لەڕاوێژدایە بەڵام بەرواری ڕوونی ئاشکرا نییە.

قاسمی لەهەمان کاتدا ڕەخنەی گرت لە هەڵوێست گرتنی مەکرۆن لەبارەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران ووتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری فەڕانسە بێ ئاگایانە هاتبووە ئاراوەو دەبێ کاربەدەستانی فەڕەنسی بەوردی و هۆشیاری زیاتر بڕواننە پرسەکانی ناوچە چونکە هەندێ لایەن لەهەوڵی کارتێکەریی لەسەر پەیوەندییەکانی دوو وڵاتدان.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی ئامادەبوونی ئێران لە سووریا پاش شکستی داعشیش وتی: ئامادەبوونی ئێران لەسووریا لەسەرداوای حکومەتی ئەو وڵاتە ئەنجامی گرت و پاش لەناوبرانی بەتەواوەتی داعش لەسووریا، تاران ئامادەی پەرەپێدانی هاوکاریی دوو قۆڵیی لەگەڵ دەمشقە بەڵام شێواز و جۆری هاوکارییەکان، جیاواز دەبێ.

سەرپەیڤ