گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران: یەکڕیزی تیروتایفەکان لە لوبنان، پیلانی سەعوودیا پووچەڵ دەکاتەوە
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران، وتی: یەکڕیزیی گەلی لوبنان بەمانای پووچەڵ کردنەوەی پیلانگێڕییەکانی رژیمی ئیسرائیل، ئەمریکاو ئالی سەعوودە.
ئایەتوڵڵا محەممەد ئیمامی کاشانی لە گوتارەکانی ئەم حەوتەیەی نوێژی هەینیی تاران ئاماژەی کردە لەکارکشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە ڕیازو وتی: ئەو پرسە واپێشان ئەدات دوژمن بۆ وڵاتانی ئیسلامی خەریکی پیلانگێڕی و کێشەو دووبەرەکی نانەوە لەناوچەکەو لوبنانە، بەڵام بەلوتفی کردگار، خەڵک و تایفەکانی لوبنان، بێدار و هۆشیارن.
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران، وێڕای ڕێزگرتن لە خەڵکی لوبنان بەتایبەت سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەگەر سەعد حەریری بگەڕێتەوە لوبنان هەمووان پێشوازی لێ دەکەن ، ئەوە بەمانای پووچەڵ کردنەوەی پیلانی ئالی سەعوودە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی کردە تاوانکارییەکانی رژیمی ئالی سەعوود لە ناوچەکەدا بەتایبەت لەیەمەن و وتی: رژیمی ئالی سەعوود ئەوەندە زەبوون و بەدبەختە کە بوودجە دەخاتەبەردەست رژیمی ئیسرائیل هەتا هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئیسلامی.
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران هەروەها وتی: ئەمڕۆ بارودۆخی جیهان زۆر ناسک و هەستیارەو گەلانی موسڵمان دەبێ لەهەمبەر پیلانگێڕییەکانی دوژمن یەکدەنگ و یەکڕیز بن.
ئایەتوڵڵا محەممەد ئیمامی کاشانی لەکۆتایی گوتارەکەیدا، ئاماژەی کردە ڕوودانی بوومەلەرزەی ڕۆژاوای ئێران و کوژرانی ژمارێک لە خەڵک و وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ یارمەتی نەدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئێران، دەنگێکی پیسە کە لە گەرووی کەسێکی شەڕخوازەوە دێتەدەر و ئەوە چارەڕەشیی جیهانە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەوجۆرە قسە دەکات.