هاتنەدەری فەرمیی ئێراق لە بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو وڵاتە بەفەرمیی لەبڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان هاتووەتەدەر.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی سومرییەی عێراق، ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەئاماژە بە هەوڵەکانی ئەو وەزارەتخانە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسییەکانی بەغدا لە ئەنجومەنی ئاسایش وتی: هەوڵەکان بۆ دەرکرانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لەمەڕ چوونەدەری عێراق لە بڕگەی حەوتەم سەبارەت بە بەرنامەی نەوت هەمبەر بە خۆراک گەیشتە ئەنجام و عێراق دۆخی ئاسایی و پێگەی جیهانی خۆی بەدەست هێنایەوە.
پاش هێرشی رژیمی سەددام بۆسەر کوەیت لەساڵی١٩٩٠، ئەنجومەنی ئاسایش، عێراقی بە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایش و ئاشتی جیهانی زانی و بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکانی بەسەردا سەپاند.
بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان، تەنیا بڕگەیە کە ڕێگە بەئەنجومەنی ئاسایش دەدا، لە هێزی سەربازی کەڵک وەربگرێ لەدژ وڵاتێک کە ئاشتی جیهانی دەخاتە مەترسی.
جگە لەوە، هەموو داراییەکانی ئەو وڵاتە لە بانکە جیهانییەکان دەستیان بەسەردادەگیرێ.