کانونی یه‌که‌م 14, 2017 10:01 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: یەکدەنگی و یەک ئاراستە بوون لە کۆبوونەوەکانی ئەستەموڵ ، سەبارەت بە فەلەستین هیوای خستۆتە دڵی موسڵمانانەوە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ڕێز و سپاس بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە ئەستەموڵ: وتی: ئەم کۆبوونەوەیە سەر لە نوێ هیوای خستەوە دڵی موسڵمانانی جیهانی بەرامبەر بە مەسەلەی فەلەستین.

"حەسەن ڕۆحانی" شەوی پێنجشەممە لە دیداری "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەستەموڵ، هەنگاوی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرامبەر بە قودسی بە هۆکارێک زانی کە دڵی هەموو موسڵمانان و ئازادیخوازنی جیهانی پڕ کردووە لە ئێش و ژان و وتیشی؛ ئەو ڕێبازەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نائاسایی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی دەست پێ بووە، دەبێ یەکدەنگ و یەک ئاراستە درێژەی پێ بدرێ تا ئەمریکا، هەرگیز ڕێگای ئەوەی پێ نەدرێ ئەم بڕیارەی بە کردەوە جێ بەجێ بکات.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئەو پیلانگێڕییانەی کە ئەمریکاییەکان و زایۆنییەکان دژ بە جیهانی ئیسلامە، لە ڕێگای جۆربەجۆرەوە درێژەی پێ دەدرێ. وتیشی: بەختەوەرانە هەموو موسڵمانان لە سەرانسەری جیهانەوە، هەست و سۆزی خۆیان بۆ بەرگری لە وڵاتی فەلەستین نیشان دا و بەرامبەر بەو پیلانە دژە ئیسلامییە راوەستان.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هاوکاریی هاوبەشی نێوان تاران و  ئانکارا بۆ بەهێزتر کردنی سەقام و ئاسایش لە سووریا دەبێ هەر درێژەی هەبێ، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران و تورکیا بۆ خەباتی دژ بە تیرۆریزم لە ناوچەکە و دامەزرانی سەقام و ئاسایشتی ، ڕوانگەیەکی هاوبەشیان هەیە.

"ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ـیش لەم دیدارەدا بە ئاماژە بە ئامادە بوونی بەربڵاوی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ئەستەموڵدا وتی: ئەم ئامادەبوونە بەربڵاوە نیشانەی یەکبیر و رایی وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە فەلەستینە و هیوادارم ئەم یەکدەنگییە ببێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕیگای هێنانەدیی مافەکانی گەلی فەلەستین هەنگاوی زیاتر هەڵگرین.

سەرۆک کۆماری تورکیا بە پێداگری لەسەر پێویستیی پەرەپێدرانی زیاتر لە ڕابردووی هاوکارییەکانی تاران _ ئانکارا وتیشی: دەبێ بە هاوکاریی هاوبەش، ڕیشە و سەرچاوەکانی تیرۆرزیم لە ناوچەکە بنەبڕ بکەین.

 

سەرپەیڤ