ڕوحانی : دەبێ سەرەنجی داخوازیەکانی خەڵک بدرێت
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد : خەڵک سەبارەت بە کێشەی گوزەران ؛ گەندەڵی و شەفاف نەبوونی کردەوەی بڕێک لە دامەزراوەکان قسەیان هەیە و خوازیاری ئاوەڵا تر بوونی کەشەکەن .
بە گوێرەی ڕاپۆڕتی ڕۆژی دووشەمەی بنکەی پەیامنێرانی لاو حەسەن ڕوحانی لە پەیجی خۆی لە توئیتر و سەبارەت بە کۆبوونەوەکان و ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییە لە ئێران نووسی : هەموو ئەو کەسانەی وا هاتوونەتە ناو شەقامەکان لە جێگایەکەوە ڕێنوێنی نەکراون و دەبێ سەرەنج بدرێتە داخوازیەکانی خەڵک . لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژومارێک لە خەڵکی چەن شارێکی ئێران بە کۆ بوونەوە و هەڵدانی درووشم، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە یەکلا نەکرانەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی دارایی و سامانیان لە ڕێکخراوە دراوی و فاینانسەکاندا لە کیس چوە، هەروەها بەرامبەر بە گران بوونی هەندێ خۆراک و شت و مەک و لاواز بوونی چاوەدێڕی و کۆنترۆڵی دەوڵەت بە سەر بازاڕدا ناڕەزایەتیان دەربڕی کە هەندێک لەو کۆبوونەوانە لە لایەن کەسانی نەناسراو و ئاژاوەگێڕەوە و بە پلانێکی لە پێشەوە داڕێژراو شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە و هەلپەرستەکان هێرشیان کردە سەر چەن ناوەندی دەوڵەتی و بانکەکان و دەستیان کردە تیابردنی سامانی گشتی. کاربەدەستانی ئەمریکی و مێدیا بیانیەکان و ڕاگەیەنەرەکانی دژی شۆڕشیش بە قۆستنەوەی ئەو هەلەی بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەر بۆیان ڕەخساوە ، هەوڵ دەدەن ئەو ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاژاوەگێڕی و شەڕ و کردەوەی تێکدەرانە پاڵ پێوە بنێن .