نامەی ئێران بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەکان؛ ئەمریکا خۆی لە کاروباری ئێران وەردەدات
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە نامایەکەدا بۆ سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە خۆوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی ئێران و داکۆکی لە کردەوە تێکدەرانەکانی ئاژاوەگێڕان.
"غوڵامعەلی خۆشڕوو" لەم نامەیەدا بە ئاماژە بەوەی کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و "مایک پێنس" جێگرەکەی لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا بەردەوام لە تویتەر، ئێرانیەکانیان دنە داوە بۆ ئەوەی کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدەن وتی: خۆوەردانە ڕوون و ئاشکراکانی کاربەدەستانی ئەمریکایی دژ بە یاسا و ڕێسا مافەوانییەکانی جیهان و دژ بە هەموو پرەنسیپ و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا بەردەوام هەوڵی داوە پرۆسەی ئاساییی ژیانی کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران تێک شێوێنێ رایگەیاند؛ جێبەجێ نەکرانی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڕێگای داسەپاندنی بایکۆتی نایاسایی دژ بە ئێران و هەروەها پێشگری بە چوونی شاروومەندانی ئێرانی بۆ نێو خاکی ئەمریکا تەنیا بەشێکی زۆر چکۆلە لە کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا دژ بە گەلی گەورە و مەزنی ئێرانە.
خۆشڕوو راشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئێران چاوەڕێی ئەوە دەکات هەموو وڵاتانی جیهانی ئەو سیاسەت و قسە و لێدوانە پڕمەترسییانە ئیدانە بکەن و داوا لە ئەمریکا بکەن هەست بە بەرپرسایەتی بکات بەرامبەر بە کردەوە و وتاری خۆی و پێبەند بمێنێتەوە بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافە نیودەوڵەتییەکان.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارێک لە خەڵکی چەن شارێکی ئێران بە کۆ بوونەوە و هەڵدانی درووشم، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە یەکلا نەکرانەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی دارایی و سامانیان لە ڕێکخراوە دراوی و فاینانسەکاندا لە کیس چوە، هەروەها بەرامبەر بە گران بوونی هەندێ خۆراک و شت و مەک، و لاواز بوونی چاوەدێڕی و کۆنترۆڵی دەوڵەت بە سەر بازاڕدا ناڕەزایەتیان دەربڕی کە هەندێک لەو کۆبوونەوانە لە لایەن کەسانی نەناسراو و ئاژاوەگێڕەوە و بە پلانێکی لە پێشەوە داڕێژراو توشی شەڕ و پێکدادان ھات و هەلپەرستەکان هێرشیان کردە سەر چەن ناوەندی دەوڵەتی و بانکەکان و دەستیان کردە تیابردنی سامانی گشتی.
کاربەدەستانی ئەمریکایی و مێدیا بیانییەکان و راگەیەنەرەکانی دژە شۆڕشیش بە قۆستنەوەی ئەو هەلەی بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەر بۆیان ڕەخساوە، هەوڵ دەدەن ئەو ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاژاوەگێڕی و شەڕ و کردەوەی تێکدەرانە پاڵ پێوە بنێن.