وەلایەتی: بێتوو ئەمریکا لە بەرجام(کۆهەنگاو) بکشێتەوە ، دەستی ئێران ئاوەڵایە
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: بێتوو ئەمریکا لە بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) بکشێتەوە، دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوەڵایە.
عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕش بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئەمڕۆ سێ شەممە لە وەڵامدانەوە بە پرسیارێک لەبارەی کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پرسی چوونەدەر یان کشانەوەی ئەمریکا لە کۆهەنگاو(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) ، وتی: قازانج نابێ یەکلایەنە بێ و ئێران پێبەند بێت بەهەموو وادەو بەڵێنییەکانی.
وەلایەتی وتیشی: لە بەرجام و یاسای مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێراندا واپێش بینی کراوە کە ئێران چ کاردانەوەیەکی هەبێت گەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکە بکشێتەوە.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی هەروەها لە وەڵامدانەوە بە پرسیارێکی دیکە لەبارەی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەو وڵاتە، وتی: ئەمریکا لەهەوڵی پارچە پارچەکرانی ئێراقدا بوو بەڵام خەڵکی ئێراق بەگشتی نەیاری ئەو کارەی ئەمریکا بوون، بۆیە، ئەمریکا ئەو پرسەی بۆ دواڕۆژ دواخست، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو داهاتووەش لەبەر ئامادەبوونی حکومەت و گەلی ئێراق لەگۆڕەپان، قەت نایەتەدی.
وەلایەتی بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا لەهەوڵی سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە لە سووریا و ئێراقە، وتی: ئەمریکا نایەوێ پەیوەندیی سنووریی لەنێوان سووریاو ئێراق دابمەزرێ، بەڵام دەوڵەتانی دوو وڵات بەیارمەتیی ئێران، داعشیان شکست پێداو سەرزەوینەکانیان بە یەکپارچەیی هێشتەوە.