شوبات 02, 2018 09:30 Asia/Tehran
  • ئالی حەبیب: بایکۆت بنپێ کردنی مافی پێشکەوتنی خەڵکە

جێگری نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاڵۆزی و بشێویی بە هۆکاری پەرەسەندنی هەژاری لە جیهان هێنایە ئەژمار و وتی: بایکۆتی ئابووریی پێشگری دەکات بە گەشانەوە و پێشکەوتنێکی بەردەوام و لە راستیدا بنپێکەری مافی پێشکەوتنی گەلانە.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ "ئیسحاق ئالی حەبیب" ڕۆژی پێنجشەممە لە پەنجاو شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی گەشانەوەی کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتیشی: وێڕای ئەو هەنگاوە ئەرێنییانەی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری هەڵگیراوە، بەڵام هێشتایش هەر ژمارێکی زۆر لە خەڵکی جیهان لە هەژارییەکی یەکجار نالەباردا ژیان دەبەنە سەر.

جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژە بە لە ئارادا بوونی شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە و ئاڵۆزی و بشێوی لە جیهاندا لەوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، جەختی کرد لە سەر کاریگەری دانانی ئەو کێشە و ناکۆکییانە لە سەر پەرەپێدرانی هەژاری بەتایبەت لە نێو ژنان و منداڵاندا.

ئالی حەبیب جەختی کرد: گرینگایەتی و ئەولەوییەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە گۆڕەپانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی نابێ ببێتە هۆکارێک بۆ گوشاری سیاسی.

جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گرتنەبەری ستراتژی و ڕێکاری جۆر بەجۆر، پلان و بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە چوارچێوی شەشەمین بەرنامەی پێنج ساڵەی گەشانەوەی نیشتمانی و هەروەها بەرنامە و پلانی دیکە، جێبەجێ کردووە و یاسا و ڕێساگەلێکیشی لەو بوارەدا پەسەن کردووە.

ئالی حەبیب لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی کردە ژمارێک لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوان دامەزرانی کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام خومەینی (رە) و ناوەندی بەرەکەت بۆ یارمەتی دانی چینی هەژار و نەدار، هەتیوان و ئەو بنەماڵانەی ژن سەرپەرستیان دەکات و هەروەها باشتر کردنی کار و کاسپی بنەماڵەیی.

پەنجا و شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی گەشانەوەی کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٩ی ژانڤییەوە دەست پێ بووە و تا ٧ی فێڤرییە درێژەی دەبێ.

کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمسیۆنی گەشانەوەی کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت دراوە بە ستراتژییەکانی بنەبڕکردنی هەژاری لە پێناو گەیشتن بە گەشانەوەیەکی پاوەجێ بۆ هەموان.

سەرپەیڤ