قاسمی: ئامادەبوونی ئێران لە سووریا ، ڕاوێژکارانەو لەسەر داوای حکومەتی یاسایی ئەو وڵاتەیە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسووریا ڕاوێژکارانەو لەسەر داوای دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتەیە.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە دەسدرێژکارییەکانی ئەم دواییەی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر خاکی سووریاو کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکیان لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا، وتی: سووریا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مافی بەرەڤانی ڕەوا لە یەکپارچەیی خاک و بەرەوڕووبوونەوەی هەرچەشنە دەسدرێژکارییەکی دەرەوەیی هەیەو رژیمی زایۆنی ناتوانێ بە چەواشەکاریی و درۆ و دەلەسەی هەمیشەیی کە لەناخی دایە ، دەسدرێژکاریی و تاوانکارییەکانی لەدژ گەلانی موسڵمانی ناوچە بشارێتەوە.
قاسمی وتی: بانگەشەی فڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی و هەروەها دەسوەردانی ئێران لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی دەسدرێژکاری زایۆنی گەمژەتر لەوەیە کە لێک بدرێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەبوونی ڕاوێژکاریی لە سووریا ئەویش لەسەر داوای حکومەتی ڕەواو یاسایی ئەو وڵاتە هەیە.
هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف١٦ی دەسدرێژکاری سوپای رژیمی زایۆنی خستەخوارەوە.
چەند کاژێر پاش کرانەئامانجی فڕۆکەی جەنگیی ئێف١٦ی رژیمی زایۆنی لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە چەند ئامانجێکیان لە پارێزگای ریفی دەمشق لەناو خاکی سووریا بۆردومان کرد.