بەیاننامەی نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمریکا یارمەتیی دەسدرێژکارانی یەمەن دەدات
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: بانگەشەی دووپات کراو و شانۆ گاڵتەجاڕەکانی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دوژمنایەتی کردنی ئێران، یارمەتیدان بەوانەیە دەسدرێژییان کردۆتە سەر یەمەن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕاشکاوانە رایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ناردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ یەمەنی بەردەوام ڕەت کردۆتەوە و دیسان جەخت دەکات لە سەر ئەوەی کە سێ ساڵ بۆردومان کردنی بێ وچانی یەمەن کارەساتێکی مرۆیی لەم وڵاتەدا هێناوەتە ئاراوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ مندالان، ژنان و خەڵکی یەمەن بە گشتی بەرەوڕوی مەترسیی گەورەی نەخۆشین، قات و قڕی و شەڕ بوونەتەوە؛ ئەم شەڕە کاولکەرە بە چەک و چۆڵی ئەمریکایی و بەریتانیایی و لە لایەن عەرەبستانی سەعوودییەوە بەڕێوە دەچێ و بۆتە هۆی ناهێوری و ئاڵۆزی لە یەمەندا.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: کێشەی یەمەن لە ڕێگای سەربازی و بۆردومانەوە چارەسەر،نابێ بەلکوو بە بڕوای ئێران ، گەیاندنی ئاو و خۆراک بەو خەڵکە لێقەوماوە دەتوانێ دەسپێکی پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە بێ.
لە بەیاننامەی نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە: کردەوە و ئاکاری نوێنەری ئەمریکا لەم ڕێکخراوەیە هەمووی لە پێناو شاردنەوەی ئەو جەنایەتانەیە کە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سەعوودی لە یەمەن ئەنجام دەدرێ.
ئەمریکا هەوڵی دا بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە هەلی نوێ کرانەوەی ماوەی فەرمانبەرایەتیی لێژنەی کارناسیی یەمەن گەلێک تۆمەت بخاتە پاڵی ئێرانەوە بۆ ئەوەی بیانوویەک بۆ بەردەوام کردنی شەڕ لە یەمەن بدۆزێتەوە، بەڵام ڕووسیا بە ڤیتۆ کردنی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا و بەریتانیا، تەنیا بڕیارنامەی جاڕنامەیی نوێ کردنەوەی ماوەی فەرمانبەرێتیی لێژنەی کارناسیی هێنایە ئاراوە.