May 14, 2018 11:53 Asia/Tehran
  • جەختی ڕۆحانی لە سەر پێویستیی دەستەبەر کرانی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە سەر پێویستیی دەستەبەر کرانی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پێی داگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ تێرێزامی سەرۆک وعزیرانی بریتانیا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە دەرفەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەرتەسکە، وتیشی:بەرژەوەندییەکانی ئێران لە پرسە گرینگەکانی ھاوپەیوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی وەک فرۆشتنی نەوت، گاز، پترۆکیمیاو پەیوەندیی بانکی و سەرمایەنانەوە دەبێ بەشێوەی ڕوون و ئاشکرا دیاری و دەستەبەر بکرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  وێڕای جەخت کردن لە سەر ئەمەی کە لە ھەنگاوی ھاوبەش دا ھەردووک لا ھێندێک ئەستۆگرییان ھەیەوئەمە جێگای قەبووڵ نییە کەتەنیا لایەنێک بەڵێنەکانی خۆی ڕاپەڕێنێ ، وتیشی : ئێران بە پێبەند بوونی بە ڕێککەوتنەکە، بەرژەوەندییەکانیشی پێ و شوێن دەگرێت، گەرچی مەخابن لایەنەکانی بەرامبەر لە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیاندا کردەوەیەکی جێی ڕەزامەندییان نەبووە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی بریتانیا لە دانوستانی ناڤۆکیی ساڵی ٢٠٠٣ ھەتا پەسەند کرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی وەکوو ڕێککەوتنێکی بەقازانجی ھەردووک لا، کردەوەی ئەمریکا لەمەڕ کشانەوەی لەم ڕێککەوتنە بە نایاسایی و نابەرپرسانەو بە پێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی کۆڕەکارناسییەکان و کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئێران، بریتانیاو فەرانساو ئاڵمانیاو بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپای بە گرینگ زانی و ھیواداری دەربڕی کە ئەم کۆبوونەوەیە بتوانێ بەرژەوەندییەکانی تاران بە پاراستنی ڕێککەوتنەکە دابین بکات.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆڵی ھەنگاوی ھاوبەشی لەمەڕ بەھێز کردنی ئاشتی و ئاسایشت لە ناوچەکەدا بە ھەرەگرینگ نرخاندو ھەر لەم حاڵەدا پێی داگرت کە بەرپرسایەتیی ھەر ڕەوشتێک کە لەپاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بێتە پێشەوە بە ئەستۆی ئەو وڵاتەیە.

سەرۆک وەزیرانی بریتانیاش لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی وەک دەمڕاستی ھەموو لایەنەکان وتی: ئامانجی یەکێتیی ئەورووپا پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەو لەندەن بە ھاریکاریی ھاوکارە ئەورووپییەکانی ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی بەکار دێنێ بۆ پاراستنی ھەنگاوی ھاوبەش و بەھرەدار کردنی ئێران لە بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران  فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کراوە، واژۆ کردووە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا گەلێک لە وڵاتانی جیھان پشتگریی خۆیانیان بۆ ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندووە.

ئەو کارەترەمپ بەتایبەتی لەگەڵ ڕەخنەی بەربڵاوی یەکێتیی ئەورووپاو سەرکردەکانی بریتانیاو فەرانساو ئاڵمانیادا بەرەوڕوو بووەتەوە .

سەرپەیڤ