ڕۆحانی: ڕزگار کرانی قودسی شەریف، ئارمانجی پیرۆزی گەلی ئێران و هەموو موسڵمانانە
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی؛ ڕۆژی قودس، ڕۆژی مێژوویی هاواری دژ بە زاڵم و زۆراداران و داکۆکی لە گەلێکی چەوساوەیە کە ٧٠ ساڵ لەمەوبەر لە ماڵ و حاڵی خۆی وەدەرنرا و ئاوارە و هەڵوەدا بوو.
حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی پێنجشەممە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی قودس لە پەیامێکدا ڕۆژی قودسی ئەمساڵی خاوەنی هەندێ تایبەتمەندیی زانی و وتیشی؛ ئەمساڵ جگە لەوەی کە حەفتاهەمین ساڵڕۆژی داگیرکرانی وڵاتی فەلەستینە، ئەوەشمان بە چاوی خۆ بینی کە بەیتولموقەدەس، مەڵبەندی جێی ڕێزی هەموو موسڵمانانی جیهان بە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بە پێتەختی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی پێناسە کرا.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئەمساڵ هەروەها زوڵم و جەنایەتێکی زیاتر لە حەقی گەلی چەوساوەی فەلەستین و بەتایبەت دانیشتوانی غەززە کراوە و لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا ئەوەمان بینی کە سەرانی ڕژێمی زایۆنی دەستیان کرد بە گەڕان و سەردانی زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی کەشێکی پڕ ترس و تۆقان دژ بە قازانج و بەرژەونەدییەکانی گەلی مەزنی ئێران زاڵ کەن بە سەر بیر و ڕای گشتیی جیهاندا.
ڕۆحانی جەختیشی کرد: هەموو گەلی ئێران بە ئامادەبوون لە ڕێپێوانی گەورەی ڕۆژی قودس، ئەو پەیامە بە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی دەدەن کە وڵاتی فەلەستین و قودسی شەریفیان لە بیر نەکردووە و ڕزگار کرانی قودسی شەریف ئێستایش هەر ئارمانجی پیرۆزی گەلی ئێران و هەموو موسڵمانانی جیهانە.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئەو ڕۆژە دوور نییە کە گەلی مەزنی فەلەستین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و موسڵمانان بتوانن لە قودسدا وەکوو یەکەم قیبلەی خۆیان نوێژ بەجێ بێنن.
دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە دەسپێشخەریی ئیمام خومەینی (ڕە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕۆژی جیهانی قودس ناودێڕ کراوە. ئەم ڕێپێوانە سبەی هەشتەمی ژوەن بەرامبەر بە ٢٣ی ڕەمەزانی ١٤٣٩ی کۆچی، هاوکات لە ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان بەڕێوە دەچێ.