حوزه‌یران 08, 2018 12:42 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێران بەرەو چین وەڕێ کەوت

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکارییەکانی شانگهای، تارانی بەرەو شاری "چینگ دائۆ" Qingdaoی چین بە جێ هێشت.

"حەسەن ڕۆحانی" ڕۆژی هەینی پێش بەجێهێشتنی تاران لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تەوەرەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی  و هەواهەنگیی بۆ ئاسایشی ناوچەکە زانی و وتی: تیرۆریزم و پاوەجێیی لە ناوچە لەو باس و بابەتانەیە کە لەو کۆبوونەوانەدا دەخرێنە بەر باس و لێکدانەوە و ئێران ئەزموونێکی باش و سەرکەوتووی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزمدا.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە مەسەلەی یەکلایەنەخوازیی ئەمریکا وتووێژ دەکرێ راشکاوانە ڕایگەیاند: بڕیاردانی ئەمریکا بۆ جیهان هەموو خەون و خەیاڵی پووچە و ئەوەی کە ئەم وڵاتە بە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بە بێ هیچ بەڵگە و بیانوویەک پەیمانێکی نێودەوڵەتیی چەن لایەنە دێتە دەرەوە ئەوە لە ڕاستیدا سووکایەتی بە کۆمەڵگەی جیهانی و بنپێ کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

حەسەن ڕۆحانی جەختی کرد: هەموو وڵاتانی جیهان دەبێ هەست بەوە بکەن کە ستراتژیی ئەمریکا لە مەڕ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پڕمەترسیە و دەبێتە هۆی لاواز بوونی یاسا و  ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نابێ بەرامبەر بەو ستراتژییە بێدەنگە بکرێ.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆوەردانی وڵاتانی زلهێزی بە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیران و ئاڵۆزکاو بوونی پرسەکانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا هێنایە ئەژمار و ڕاشیگەیاند: دەبێ ناوچەیەکی بەهێزتر و ئەمنترمان هەبێ و ئەوەش بە هاوکاریی گونجاو دەبێ و لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستانەوە بە ئاکام دەگات.

ڕۆحانی هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە لە سەفەری بۆ چین چەندین دیداری دوولایەنەی لەگەل سەرۆک کۆمارانی چین، ڕووسیا، هیندستان، پاکستان و چەن وڵاتی دیکە دەبێ هیوای خواست: ئەم سەفەرە بەسوود بێ بۆ ئاسایشی ناوچەکە و پێوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی بەشدار لەو کۆبوونەوانەدا.

کۆبوونەوەکانی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ڕۆژانی نۆهەم و دەیەمی ژوەن لە شاری چینگدائۆ Qingdaoی چین بەڕێوە دەچێ.

ئاسایش، پاوەجێیی ناوچەیی، خەباتی دژ بە تیرۆریزم، جیایی خوازی و توندرەوی و هەروەها پەرە پێدانی هاوکاریی لە تەوەرەکانی باس و وتووێژ لە کۆبوونەوەکانی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای دەبێ.

ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ساڵی ٢٠٠١ بناغەی دانرا. چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئوزبەکستان ئەندامانی هەمیشەیی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای دێنە ئەژمار. ئێران ئەندامی چاوەدێڕی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهایە.

سەرپەیڤ