پێداگریی سەرۆک کۆمارانیه ئێران و بلاروس لەسەر پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدیدار لەگەڵ هاوشانە بلاڕووسەکەی پێی داگرت: دەبێ لەهەموو پتانسێل و دەرفەتە فراوانەکانی بەردەمی دوو وڵات بۆ قووڵ کردنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگشت بوارەکان کەڵک وەربگیردرێ.
حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەدیدار لەگەڵ ئەلەکساندر لۆکاشنکۆ سەرۆک کۆماری بلاڕووس لەپەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە چین، وتی: بلاڕووس هەردەم وڵاتێکی دۆست بۆ ئێران بووەو تاران ئامادەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و تیجاری و بەتایبەت لەبواری زانستی و تەکنۆلۆژیا نوێکان لەگەڵ ئەو وڵاتەیە.
سەرۆک کۆماری ئێران بەئاماژە بە گرینگیی بەهێزکرانی ڕێگاکانی ترانزیتی لەناوچە، وتی: لەمەڕ پرسی کۆریدۆری باکوور-باشوور، ئێران باشترین ڕێگایە بۆ دەسڕاگەیشتنی ئاسیای ناوەندی و قەفقاز وباشووری ڕۆژهەڵاتی ئوروپا بۆ کەنداوی فارس وئاوە باشوورییەکان.
ناوبراو لەدرێژەدا بەئاماژە بە چوونەدەری حکومەتی نوێی ئەمریکا لە بەشی زۆری ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەوان، ڕێککەوتنی پاریس و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: ڕاوەستانی کۆمەڵگای جیهانی لەهەمبەر ئەو چەشنە کردە یەکلایەنانەی واشنگتۆن، داکۆکی لە یاساو مافە نێودەوڵەتییەکانە.
سەرۆکی کۆماری بلارووسیش لەو دیدارەدا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، وتی: ئێران بۆ بلاروس هاوبەشێکی سەرەکی لەناوچەیەو ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ئەوەی لەگشت بوارە سیاسی وئابوورییەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پەرەپێ بدات.
ئەلەکساندر لۆکاشنکۆ هەڵوێستی دەوڵەتی ئێران لەمەڕ پرسی چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی بە ئاوەزمەندانە لێکدایەوەو وتی: کردەی یەکلایەنەو بن پێ کردنی بەڵێنیە نێودەوڵەتییەکان، مافە نێودەوڵەتییەکان بەرەو هەڵدێر دەبا و کۆمەڵگای جیهانی دەبێ بۆ دروست کردنی هاوسەنگی نوێ لە جیهان هەوڵ بدات.
ناوبراو هەروەها خوازیاری خێراکرانی ڕەوتی بردنەپێشی گەڵاڵە هاوبەشەکان و جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات بوو.