ته‌مووز 06, 2018 08:28 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئەتۆمی تەوەرەی وتووێژی تەلەفوونیی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ سەدری ئەعزەمی ئەڵمان و  سەرۆک کۆماری فەرەنسا

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی هەینی لە ڕێگای تەلەفوونەوە لەگەڵ "ئانگێلا مێرکێل"ی سەدری ئەعزەمی ئەڵمان و " ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حەسەن ڕۆحانی" لە وتووێژێکی تەلەفوونی لەگەڵ "ئانگێلا مێرکێل"ی سەدری ئەعزەمی ئەڵمان جەختی کرد؛ بێتوو پرۆسەری کاری کۆبوونەوەکانی وەزیرانی وڵاتانی ئەورووپایی لە ڤییەنا بۆ هاندانی ئێران بە هاوکاریی و چالاکیی هاوبەشی زیاتر هیوابەخش بێ، ئێمە درێژە دەدەین بە ڕێگای هاوکاریمان لەگەڵ ئەورووپا.

"حەسەن ڕۆحانی" وتی: پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کێشە و گرفتێکی زۆر لە بواری ئابووری، پێوەندی بانکی و نەوتی هاتۆتە ئاراوە و کۆمپانییاکانی وەبەرهێنەر سەبارەت بە درێژەپێدانی  کارو  چالاکییان لە ئێران تووشی شک  و گومان بوون.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە ئاراستە کرانی هەگبەی پێشنیاری سێ وڵاتی ئەورووپایی سەبارەت بە چۆنیەتی بەجێ هێنانی بەڵێنەکان و هاوکارییان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوەی بە مایەی هیوابڕاوی زانی و وتی: بە داخەوە لەو هەگبەی پێشنیارەدا ڕێکارێکی بە کردەوە و شێوازێکی دیاریکراو بۆ درێژە پێدانی هاوکارییەکان لە ئارادا نەبوو و تەنیا چەن بەڵێنێکی گشتی لە ئاستی بەیاننامەکانی پێشووی یەکێتیی ئەورووپا راگەیەندرابوو.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران پاش نزیکەی دوو مانگ، چاوەڕێی ئاراستە کرانی بەرنامەیەکی ڕوون لە لایەن سێ وڵاتی ئەورووپاییەوە بوو، هیوای خواست کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی ١+٤ لە ڤییەنا، پەیامێکی راشکاوانە، ڕوون و هیوابەخشی بۆ بەردەوام بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەبێ.

"ئانگێلا مێرکێل"یش لەم وتووێژە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بەوەی کە لەو هەگبەیەی کە بەئێران پێشنیار کراوە ، تەرکیز کراوەتە سەر چەندین باس و بابەتی گشتی و بنەڕەتی و لە بواری وردیاتیشەوە دەبێ وتووێژەکان درێژەیان پێ بدرێ، وتی: خاڵی گرینگ ئەوەیە کە دەزانین و دڵنیاین دەمانەوێ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێنینەوە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها لە وتووێژی تەلەفوونی لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەرەنسا جەختی کرد لە سەر پێویستیی بایەخ دران بە خاڵە دڵخوازەکان و دابین کردنی داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەردەوام کردنی پرۆسەی هاوکارییەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ١+٤ لە ڤییەنا.

مەکرۆنیش بە ئاماژە بە ویست و ورەی بەرزی فەرەنسا بۆ پێبەندی بە ئەرک و ئەستۆگرییەکانی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جەختی کرد لە سەر پێویستیی هەوڵدان بۆ بەردەوام بوونی ئەو هاوکارییانە و وتووێژی دوو لایەن بۆ بەردەوام بوونی ئەو ڕێککەوتنە گرینگە.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە ئاماژە بەوەی کە ئەورووپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی درێژە دەدات بە هەوڵ و چالاکییەکانی وتیشی: کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ١+٤ لە ڤییەنا دەتوانێ هاوسەنگییەکی باش لە نێو پرسە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ بەردەوام کردنی هاوکاری بێنێتە ئاراوە.

سەرپەیڤ