ساڵەهاتی لە دایکبوونی ئیمام هادی (ع)
ئیمام هادی (ع) لە ساڵی 212ی کۆچی هەتاوی لە دەوروبەری شاری مەدینە هاتە سەر دونیا. باوکی بەڕێزی ئیمام هادی، حەزرەتی ئیمام جەواد (ع)ە و دایکی بەڕێزیشی ئافرەتێکی داوێن پاک بە ناوی سەمانە مەغربیە بوو.
ناوی ئیمامی دەیەم "عەلی" و نازناویشی "ئەبۆلحەسەنی سالس"ە.بەناوبانگترین نازناوەکانی "هادی" و " نەقی "یە. سەردەمی ئیمامەتی حەزرەتی هادی (ع) هاوکات بوو لەگەڵ دەسەڵاتداری شەش کەس لە عەباسیەکان و هەر ئەم بابەتە هەلومەرجێکی تایبەتی بۆ ئەو بەڕێزە وەدیهێنا. لە لایێکەوە ئیمام دەبوو لە کەشوهەوای تەژی لە سەرکوتکاری و ترس و تۆقانی حکوومەتی عەباسی، ئەرکی سەرشانی بەجێ بێنێ کە هەڵبەت پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵان و هاوڕێیان و ڕێشاندەریی ئەوان بە بەشێک لەم ئەرکە گرینگە دەهاتە ئەژمار و لە لایێکی دیکەشەوە بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکات کە دەسەڵاتدارانی عەباسی لە حاند ئەو هەستیار نەبن!
بەم پێیە خولی 34 ساڵەی ئیمامەتی ئیمام هادی (ع) ئەگەرچی دوور و درێژ بووە، بەڵام بە هۆی ئەو بەرتەسکییانە وا لە لایان دەسەڵاتدارانی عەباسییەوە لە ئارادا بوو، بەردەوام لە شوێنە سەربازییەکان لە ژێرچاوەدێریدا بوو و کەمتر هەلی دیدار و پەیوەندی ڕاشکاوانە لەگەڵ هاوڕێیانی بۆ دەڕەخسا.
دوورخستنەوی ئیمام بۆ سامەرا یەکێک لەو گوشارانە بوو وا حکوومەتی عەباسی لە دژی بەڕێزی دایسەپاند و هۆی ئەوەی کە بە ئیمام هادی و کوڕە بەڕێزەکەی واتە ئیمام حەسەن عەسکەری (ع)، "عەسکەریین" دەڵێن، بوونی زۆرەملییانە و نەوخوازراوی ئەم دوو بەڕێزە بووە لە گەڕەکە سەربازییەکان و لە ژێر چاوەدێری تووندوتۆڵی هێزە ئەمنییەکانی دامودەزگای ستەمکاری عەباسی.
تێگەیشتوویی و بۆچوونی خوداناسانە و هەڵسوکەوتی درووست و لۆژیکانەی ئیمام لە سەردەمی حکوومەتەکەی عەباسییەکان بووە هۆی ئەوەی کە وردبینانەترین و باڵاترین زانیاری و ناسیاریی تەوحیدی و بڕوایی بۆ جیهانی ئیسلام بە یادگار بمێنێتەوە.
ئەو ئیمامە بەڕێزە لە سێهەمی مانگی ڕەجەبی ساڵی 254ی کۆچی مانگی شەهید کرا. بارەگا و گڵکۆی پیرۆزیشی لە شاری سامەرای عێراقدا هەڵکەوتووە. هیوادارین هەموومان بتوانین شوێن کەوتەی ڕاستەقینەی ئەو ئیمامە بەڕێزە بین.