ئه‌یلوول 21, 2018 16:13 Asia/Tehran
  • رۆحانی : ئاشوریەکان لەپێناو بەرزکردنەوەی پلەو پێگەی ئێران ساتەوەختێک کاتیان بەفیڕۆ نەداوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمیانەی برووسکەیەک بۆ کۆنگرەی یەکێتی ئاشورییەکانی جیهان لە "بەیرووت"ی لوبنان، وێڕای پەسندانی ڕۆڵ و پێگەو شوێنی ئاشورییەکانی ئێران، پێی داگرت : ئاشورییان لەڕێی بەرزکردنەوەی پلەو پێگەی ئێران قەت درێغیان نەکردوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ "حەسەن ڕۆحانی" سەرلەئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە لەو پەیامەدا بەڕاگەیاندنی ڕێز و خۆشەویستیی خۆی بەرامبەر هەموو ئاشورییانی جیهان، وتی: ئاشورییەکانی ئێران، وەک گشت ئەتن وهۆزەکانی دیکە، هاوبەش بوون لەگشت ئەو ئێش و ئازارانەی بەدرێژایی مێژوو ئەو سەرزەوینە لەگەڵیدا بەرەوڕوو بووەو هاوشانی چین وتوێژەکانی خەڵکی ئێران بەرەنگاری دەسدرێژکاریی بیانییەکان بوونەوە بە بەخت کردنی گیان و ماڵیان.

رۆحانی بەئاماژە بە دەوری شاز و بەرچاوی ئاشوریان لەپێکەوەژیان و تەبایی لەگەڵ موسڵمانان، وتی: پەیوەندییەکی تایبەت هەیە لەنێوان موسڵمانان و مەسیحیاندا لەبەر ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە ڕێوڕەسم و بڕواکاندا هەیەو بۆ موسڵمانان حەزرەتی مەسیح(ع) جێگەو شوێنێکی تایبەتی هەیە کە لە قورئانی پیرۆزیشدا چەندین جار ئیشارەتی پێدراوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوای خواست: پەیوەندی، یەکڕیزیی و هاریکاریی بەرفراوان لەنێو گشت ئاشورییەکاندا لەگەڵ موسڵمانان و مەسیحیان لە هەموو وڵاتاندا وەک ڕابردوو بپارێزرێ.

کۆنگرەی سێ رۆژەی یەکێتی ئاشوریانی جیهان دوێشەو(پێنج شەممە) لە لوبنان دەس پێ کرا.

ئاشورییەکان لە زیاتر لە چل وڵاتی جیهاندا هەن کە تەنیا لە ئێران و ئێراق لە پەرلەمان نوێنەریان هەیە، ئەگەرچی لە سوریا، تورکیا، سویدو ژمارێک وڵاتی دیکە، چەند نوێنەری ئاشوورییان ڕێیان پەیدا کردۆتە نێو پەرلەمان بەڵام ئەو ڕێ پەیداکردنە نێو پەرلەمان لەڕێی چالاکیی حیزبییەوە بووە.

سەرپەیڤ