ئادار 28, 2019 16:17 Asia/Tehran
  • ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی ، ساڵی

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی ، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و وێڕای بەئاوات خواستنی ساڵێکی پڕلەشادی، بەختەوەری، لەش ساخی و سەرکەوتنی ڕۆژ لەدوای رۆژی ماددی و مەعنەوی بۆ گەلی ئێران، ساڵی نوێی بە ساڵی "ڕەونەقی بەرهەم هێنان" ناودێر کرد.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بە پێشوازیی خەڵکی ئێران لە دروشمی ساڵی١٣٩٧ واتە "داکۆکی لە کاڵای ئێرانی" و شوێنهاتە ئەرێنیەکانی، فەرمووی: ئەمساڵ، پرسی تەوەرەیی و سەرەکی، پرسی "بەرهەمهێنان"ـە ، چونکە ئەگەر وەبەرهێنان ڕمێنی بێت ، هەم کێشەو گرفتی گوزەران و کارو پیشە چارەسەر دەبێ ، هەمیش وڵات لە بیانییەکان و دوژمنان بێ نیاز دەبێ و تەنانەت دەتوانێ کێشەی بایخی دراڤی نیشتمانی تاڕادەیەک چارەسەر ببێ، بۆیە من "ڕەونەقی بەرهەمهێنان"م کردە دروشمی ئەمساڵ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی داوای لە هەموو لایەک کرد لەپێناو ڕەونەق پێدانی بەرهەمهێنان لە وڵاتدا هەوڵ بدەن و هیواشی خواست، بە پەرەی بەرچاو و هەست پێکراوی ئەو هەوڵ و کۆششانە لەدرێژایی ساڵدا، کێشەی ئابوری بکەوێتەئاراستەی چارەسەربوون.

ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی ، ساڵی "ڕەونەقی بەرهەم هێنان"

ئەزموونی ساڵی ڕابردوو و ڕووداوە ئاڵۆزەکان لە هەوراز و نشێوی ڕەوتە ئابوری وسیاسییەکان پێشانی دا کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دوژمنان، هێنانەدی بێهیوایی، نائومێدی و هەست بە گەیشتنە بنبەست لەبواری سیاسی و ئابوریداو بە کەم هەژماردن و یان نکۆڵی کردن لە دەسکەوتە کەم وێنەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی  بووە. لەو ڕەوتەدا، بەزۆرتر و گەورەترپێشاندانی گرفتەکان لە مێشکی کۆمەڵگادا لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی شەڕی دەروونی و بانگەشە لەدژ نیزامی کۆماری ئیسلامییە.

لەو ڕوانگەوە، پەیامی ڕێبەری باڵای شۆڕش و هەڵبژاردنی دروشمی"ڕەونەق پێدان بە بەرهەم هێنان" لە ساڵی نوێدا، ئاسۆی ڕوونی بەردەم گەلی ئێران دیاری دەکاو ئەوەی کە گەلی ئێران چلۆن دەتوانێ هاوکات لەگەڵ پاوەجێی و خۆڕاگریی لەهەمبەر دوژمنایەتی و چەپەڵیی دوژمنان، دەسەڵات و هەیبەت و مەزنایەتی خۆی پێشان بدات.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەلێکدانەوەی ساڵی ١٣٩٧، ساڵی ڕابردووی بە ساڵێک زانی کە ڕووداوی زۆری بەخۆوەبینی و فەرمووی: دوژمنان لەو ساڵەدا نەخشەو پیلانی زۆریان بۆ ئێران گێڕا، بەڵام گەلی ئێران بەمانا ڕاستەقینەکەی جوان درەوشانەوەو بەپاوەجێی و چاودڵڕوونی و بەهەوڵ و هیممەتی لاوان، ئەو پیلان و دهۆیانەیان پووچەڵ کردەوە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی کاردانەوەی خەڵکی ئێران بە سزاو بایکۆتە قورسە سەپێندراوەکانی ئەمریکاو ئوروپای لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابوری ، بە کاردانەوەیەکی پتەو و بەهێز زانی و فەرمووی: لەبواری سیاسیدا ، مەزهەری ئەو کاردانەوە، ڕێپێوانی مەزنی بیست و دووی ڕێبەندان و هەڵوێستی جەماوەری ئێران لەدرێژەی ساڵدا بوو و لەبواری بەرەوڕووبوونەوەی ئابوریش بە "بەرزبونەوەی دەستپێشخەریی زانستیی و تەکنیکی" ، "بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژماری کۆمپانیاکانی بنەمازانست" ، "بەرزبونەوەی بەرھەمە ژێرخانی و بنەڕەتیەکانی نێوخۆیی" بۆ وێنە کرانەوەی فازە جیاجیاکانی گازی باشوور و بەر لەوە کرانەوەی پاڵاوتگەی گەورەی بەندەری عەبباس ، گەلی ئێران توانی لەهەمبەر دوژمنیی و دڵڕەشیی دوژمنان، هێز و شکۆ و مەزنایەتی خۆی بخاتەڕوو و ئابڕوی گەل و شۆڕش و نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرزتر و بەهێزتر بۆوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە درێژەی وتەکانیدا، گرفتی ئابوریی بە کێشەی سەرەکیی وڵات زانی و بەئاماژە بە گرفتی گوزەرانی خەڵک لە چەند مانگی ڕابردوودا فەرمووی: بەشێک لەو کێشەو گرفتانە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناکارا لە بواری پرسە ئابوریەکان کە حەتمەن دەبێ ئەوانە قەرەبوو بکرێتەوە، هەڵبەت ھەندێ بەرنامە ھەن ، و هەندێ رێوشوێن گیراوەتەبەر کە ئینشاڵڵا ئەم رێوشوێنانە بە درێژایی ئەمساڵ دەبێ بە ئاکام بگات و خەڵک ئەنجامەکەی ببینن.

رۆحانی لە بروسکەی پیرۆزبایی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی: گومان لەوەدانییە کە گەلی ئێران سەرکەوتوو دەبێ

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بە سڵاو و درود بۆ ڕوحی پاکی ئیمامی کۆچکردوو و شەهیدانی سەربەرز، و بەسڵاو لە دەرگانەی حەزرەتی وەلی عەسر(عج)، دوعای ئەو خودانڕێزەو بەختەوەریی گەلی ئێران و هەموو ئەو گەلانەی نەورۆز دەکەن بەجێژن و بەرزی ڕادەگرن، لەخوداوەندی تەعالا داوا کرد.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە پەیامێکی بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی، ساڵی١٣٩٧ی بە ساڵی سەرکەوتنی گەلی ئێران لەبوارە جیاجیاکاندا زانی و وتی: بێگومان گەلی ئێران سەرکەوتن بەدەست دێنێ و بەسەر گیروگرفتەکاندا تێدەپەڕێ.

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ