دەست پێ بوونی مەشقی دەریایی ئێران و ڕووسیاو چین لە باکووری ئەقیانووسی ھیند
مەشقی ھاوبەشی دەریایی ئێران و ڕووسیاو چین ئەمڕۆ ھەینی بە پەیامی «ئاشتی، دۆستایەتی و ئاسایشتی پاوەجێ لە سای ھاوکاری و یەکگرتنی بەکۆمەڵ»لە باکووری ئەقیانووسی ھیند دەستی پێ کرا.
ئەمیری دەریادار «غوڵامڕەزا تەحانی» یاریدەری سەرکردەی ئۆپراسیۆنی دەریایی ئەرتەشی ئێران و وتەبێژی مەشقی سێ قۆڵیی ئێران و ڕووسیاو چین لە پرێس کۆنفرانسی ئەم مەشقەدا وتیشی: ناوچەی باکووری ئەقیانووسی ھیند، ناوچەیەکی ھەرەھەستیارە کە ئەم ئاسایشتە لەسای ھێزمەندیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران دامەزراوە.
ئەمیری دەریادار «غوڵامڕەزا تەحانی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئێران قەت تەریک ناخرێتەوە، وتیشی: بەرپا کرانی ئەم مەشقە بەم واتایەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیاوچین بە ئاستێکی واتادار گەییشتووەو ئەم ڕەوتە لە ساڵانی داھاتووش دا بەردەوام دەبێت.
یاریدەری سەرکردەی ئۆپراسیۆنی دەریایی ئەرتەشی ئێران ، پتەوکرانەوەی ئاسایشت لە ناوچەکە، بەھێزکرانی ئاسایشتی بازرگانی، بەرنگار بوونەوەی جەردەیی دەریایی، ئاڵووێزی زانیاری لە بواری فریاکەوتن و ڕزگارکردنی دەریایی و گۆڕینەوەی ئەزمونی ئۆپراسیۆن و تاکتیکی وەک ئامانجەکانی مەشقە چواڕۆژەکە دەستنیشان کرد.
ئەمیری دەریادار «غوڵامڕەزا تەحانی» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پانتایی ناوچەی مەشقەکە ١٧ ھەزار کیلومەتری چوارگۆشەیە، جەختی کرد: ئەم مەشقە بە پێی بەرنامەگەلێکی پێشتر دیاری کراوو بە جوڵەی یەکەی ئاوگەڕەکانی ئێران و ڕووسیاو چین لە بەندەری چابەھاری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانەوە دەستی پێ دەکرێت و لە باکووری ئەقیانووسی ھیند پەرەیەکی زیاتر دەستێنێ.
وتەبێژی مەشقی سێ قۆڵیی ئێران و ڕووسیاو چین لە بارەی تاکتیکی پرۆڤەی مەشقە ھاوبەشەکەشەوە وتی: پرۆڤەگەلێکی تاکتیکی جۆربەجۆر لەوانە ڕزگار کردنی ئاوگەڕە ئاگرگرتووەکان، ڕزگار کردنی ئەو ئاوگەڕانەی دەست درێژییان کراوەتە سەرو پرۆڤە تاکتیکی و ئۆپراسیۆنییەکانی دیکەش لە ئۆپراسیۆنەکەدا پێش بینی کراوە.
مەشقی ھاوبەشی ھێزە دەریاییەکانی ئێران و ڕووسیاو چین کە لە ئەمڕۆ ھەینییەوە لە باکووری ئەقیانووسی ھیند دەستی پێ کراوە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.