نیسان 15, 2020 15:32 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: پەیوەندیی پتەوی مێژوویی گەل و  ئەرتەشی ئێران بۆ ھەتاھەتایە دەمێنێتەوە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پیرۆز کردنی ڕۆژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : ئەو پەیوەندییە مێژوویی و پتەوە بێ وێنەیەی کە لە نێوان گەل و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدی ھاتووە بۆ ھەتاھەتایە دەمێنێتەوە.

لە ئێراندا ٢٩ی خاکەلێوە ڕێککەوت لەگەڵ ١٧ی ئاپریل، بە مەبەستی ڕێزنان و ستایشی دلێری و چاونەترسیی ئەندامانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕۆژی ئەرتەش ناودێری کراوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت، وێڕای ڕێزگرتن لە ھەوڵ و تێکۆشانی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت ئەرتەش لە بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا، وتیشی: ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لەوانە ئەرتەش ئەوەی دەرخست کە ئەوانە بۆ ئاشتی و شەڕو ھەروەھا بەرپەرچدانەوە لە کاتی پێویست دا ئامادەن.

ڕۆحانی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەرتەشی ئێران بەردەوام سەربەرزە، وتیشی: ئەرتەشی ئێران ھەمیشە پاڵپشتی گەلەو گەلیش پاڵپشتی ئەرتەشی ئێرانە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە بەرپانەکرانی ڕژەومەسیرەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی ئەرتەش وتیشی: ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ئەرتەش دا لە تەنیشتی گڵکۆی پاکی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕژەو مەسیرەی ھێزە چەکدارەکان بەرپا دەکرا، بەڵام ئەمساڵ بەرپاکرانی ئەم ئاھەنگە لە بەر ڕەوشتی تەندروستیی وڵات، مسۆگەر نابێت.

ئەمساڵ بە بۆنەی ڕۆژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، گەڵاڵەیەک بە ناوی «ڕژەی خزمەت» و بە دروشمی«بەرگریکارانی نیشتیمان و یاوەرانی تەندروستیی» لە ئاستی وڵات دا بەڕێوە دەچێت.

سەرپەیڤ