May 04, 2020 18:55 Asia/Tehran
  • روحانی : گوشاری سەر گەلان دەبێ بگۆڕدرێ بۆ ھاریکاریی نێودەوڵەتیی

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کردەوە : لە گوشارنانی گەلان لە چوارچێوەی تیرۆریسمی ئابووریی و گەف و ھەڕەشەی سەربازیی دەبێ بگۆڕدرێ بۆ ھاریکاری دوو قۆڵی و نێودەوڵەتیی بۆ خەباتی ھاوبەش لە دژی ھەڕەشە ڕاستەقینە و ھاوبەشەکان .

حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوانیوەڕۆی دوشەممە لە دانیشتنی ئۆنلاینی سەرانی وڵاتانی ئەندامی گروپی تەماسی  بزووتنەوەی بیلایەنەکان ، ھەموو وڵاتانی بانگێشت بەرەو ھاریکاری  بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕونا و وتی : ئامادەکردنی پێداویستیی پزیشکیی ئێران بە ھەنگاوی دژە مرۆیی ئەمریکا ، درێژخایەنتر و ھەندێ جار نامومکین بووە و بەرنامەی ئامانجداری کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی  کۆڕۆنای تووشی ئاستەنگ کردووە . 

روحانی گوتیشی : ئەمریکا ساڵانێکە بە بایکۆتی یەک لایەنە و نایاسایی ، نەک ھەر خەڵکی ئێرانی لە دەسڕاگەیشتن بە مافی خۆیان بێبەش کردووە ، بەڵکوو ھەنگاوەکانی ، ھەڕەشەن لەسەر چەند لایەنەخوازیی و ھاریکاریی نێودەوڵەتیی . 

سەرۆک کۆماری ئێران ، لاوازکردنی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی بە مانای لاوازکردنی خەباتی ھاوبەشی جیھانیی لە دژی کۆڕۆنا ناوبرد و گوتی : ھەنگاوی پاساوھەڵنەگر و بەھەڵەداوان و نابەرپرسانەی حکومەتی ئەمریکا لە بێبەش کردنی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی لە بڕە پارەی پێویستیی ئەو رێکخراوەیە ، دەبێ بە ھەڵەیەکی ستراتژیکی دیکەی ئەم حکومەتە بزانین . 

روحانی ھەروەھا لەم دانیشتنە ئۆنلاینەدا جەختی کردەوە : کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ھاریکاری لە گەڵ ھەموو وڵاتانی جیھان بە مەبەستی گەیشتن بە پێکوتە و چارەسەریی دواجاری ڤایروسی کۆڤید 19 ئامادەیی راگەیاندووە و پێشوازی دەکات لە ھەرچەشنە داوای ھاریکاریەک . 

نوێنەرانی 40 وڵاتی جیھان لە دانیشتنی ئونلاین و ئێنتەرنێتیی سەرانی وڵاتانی ئەندامی گروپی تەماسی بزووتنەوەی بیلایەنەکان ئامادە بوون . 

گروپی تەماس وەک بەشێک لە داڕشتی بزوتنەوەی بێلایەنەکان بە ئامانجی ھاسانکاریی بەرپرسایەتیەکانی سەرۆکایەتی ئەم بزووتنەوە دامەزراوە . 

 

سەرپەیڤ