خەتیب زادە: ئەمریکا دەبێ ھەموو بایکۆتەکان هەڵبوەشێنێ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ئەمریکییەکان دەبێ گەمارۆ ستەمکارانەکان یەکجارەکی هەڵبوەشێننەوە و دڵنیامان بکەنەوە هیچ دەوڵەتێک لە ئەمریکا ئەو هەڵسوکەوتانە دووپات نەکاتەوە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی دا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە قسەکانی ئەم دواییەی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستانە ناڤۆکیەکان، گوتی: ئەمریکا دەبێ بزانێت ئەندامی ڕێککەوتنی ناڤۆکی نییە و ناتوانێت قسەگەلێک بداتە پاڵ ئەندامانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە و داواکاریگەلێکی هەبێت.
خەتیب زادە وتی: ئێمە هەر کردەوەیەکمان لە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکاوە بینی، بە پێچەوانەی ئەوە بوو کە وتبووی. ڕێگای گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناڤۆکی روونە. ئەوان دەبێ ئابلۆقە ستەمکارانەکان یەکجارەکی هەڵبوەشێننەوە و دڵنیامان بکەنەوە هیچ دەوڵەتێک لە ئەمریکا ئەو هەڵسوکەوتانە دووپات نەکاتەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: دانوستانەکان لەو رێکەوتە کە ڕاگەیێندراوە دەست پێدەکات و لەلایەن بەڕێز باقریەوە دەچێتە پێشەوە و پێکهاتەیەک لە ڕێکخراوە جیاجیاکانی ئێران لەو دانوستانە بەشداری دەکەن.
خەتیب زادە لە وەڵام بە پرسیارێک سەبارەت بە هێرش بۆ سەر ماڵی مستەفا کازمی وتی: دەبێ رێگا بدەین لایەنە پێوەندیدار و یاساییەکان لە عێراق لێکۆلینەوەکانی خۆیان تەواو بکەن.
ناوبراو گوتیشی: لە پێوەندی تەلەفۆنی دوێنێی بەڕێز ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەگەل فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ کرا کە دەبێ یارمەتی بدەین ئەنجامدەرانی ئەو کارە بناسرێن.
خەتیب زادە لە کاردانەوە بە قسەکانی ئەم دواییەی رافائێل گرۆسی بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ناڤۆکیش وتی: من ناوبراو بە ئاسمانی ساماڵی دەستووری ئاژانس و یاساکانی چاودێریی بانگهێشت دەکەم و دەڵێم کە خۆی ئەسیری هەڵسوکەوتی ناتەکنیکی هەندێک وڵات نەکات.