نوێنەرێکی کوردی مەجلیسی شورای ئیسلامی: ئێران پێملی ھەڵگیرانی کاتیی بایکۆتەکان نابێت
نوێنەری قەسری شیرین ، سەرپێڵ و گێڵان و ئەندامی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتی: ڕێککەوتنی کاتی لە کردەوەدا دەبێتە گۆپاڵێک بە دەستی ئەمریکاوە ھەتا بنەمای بایکۆتەکان بگەڕێنێتەوە.
«شەھریار حەیدەری» نوێنەری خەڵکی قەسری شیرین ، سەرپێڵی زەھاوو گێڵانی ڕۆژئاوا کە ھاوکات ئەندامی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێرانیشە ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنادا وتی: ئێران لە دانوستانەکانی لەگەڵ چوار کۆ یەک دا ڕایگەیاندووە کە دەبێ لە ڤییەنا چارەنووسی ھەڵوەشانەوەی یەکجاریی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دیاری بکرێت و ئەوسا لە پاش تاقیکردنەوەی ڕاست بوونی ھەڵوەشانەوەی بایکۆتەکان، ئێرانیش لە بارەی زوڵاڵ کردنی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ھەنگاوی پێویست ھەڵدەگرێت.
«حەیدەری» بە دەربڕینی ئەمەی کە بەرنامە ناڤۆکییەکانی ئێران بە تەواوی زوڵاڵە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیش چاودێری بە سەر چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێراندا دەکات، وتیشی: ئێران ھەتا ئەمڕۆ ھیچ لادانێکی لە بارەی چالاکییە ئاشتیانە ناڤۆکییەکانی نەبووەو ئاژانسیش بەش بە حاڵی خۆی بەردەوام لە سەر ئاشتیانە بوونی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران پێی داگرتووە.
ئەم ئەندامەی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆبواردن لە دانوستانی بڕستبڕە، وتیشی: ئەگەر بێتو ڕۆژئاوا ستراتژیای ئێران لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان قەبووڵ کات، دانوستانەکانیش بە دەرەنجام دەبن، ئەگینا لە سەر دانوستانێکی بڕستبڕ بەردەوام نابێت.
نوێنەری کوردی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ڕێککەوتنی کاتی دەبێتە ھۆی ھاتنە ئارای دانوستانێکی درێژخایەن و بڕستبڕ، وتیشی: ڕێککەوتن بۆ ھەڵگیرانی بایکۆتەکان دەبێ ھەمیشەیی بێت، ڕێککەوتنی کاتی بێ مانایە، دەزگای دبپلۆماسیی ئێران بە نوێنەرایەتیی لە لایەن مەجلیسی شورای ئیسلامی و دەوڵەت و نەتەوەی ئێرانەوە بە دووی ھەڵگیرانی یەکجاریی بایکۆتەکانەوەیە.
نوێنەری خەڵکی قەسری شیرین ، سەرپێڵی زەھاوو گێڵانی ڕۆژئاوا لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە،ئەگەر ڕێککەوتنی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان کاتی بێت، دیارە ئەمریکا دواتر بە بیانووی جۆربەجۆری وەک مافی مرۆڤ و پێشکەوتن و پەرە پێ دانی موشەکی ھەوڵی پێشێلکردنی دەدات و ھەمیسان بنەمای بایکۆتەکان دەبووژێنێتەوە.