کانونی یه‌که‌م 31, 2021 23:43 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: حەزرەتی مەسیح(ع) ھێمای خۆڕاگری و بەرنگار بوونەوەی ستەمکارانە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیامگەلێکی جیاجیادا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی مەسیحی گەییشتنی ساڵگەڕی لەدایک بوونی شکۆمەندی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)و دەست پێ بوونی ساڵی نوێی زایینیی لێ پیرۆز کردن.

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» لەم پەیامانەدا وێڕای پیرۆز کردنی ساڵگەڕی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح(ع) جەختی کرد: ساڵگەڕی لەدایک بوونی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع) بۆ گەلی ئێران خۆشەویست و متفەڕکە و ڕێزی ئەو حەزرەتە لای موسڵمانان کەمتر لە مەسیحییەکان نییە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی حەزرەتی عیسای مەسیح(ع)ی بە ھێمای خۆڕاگری و بەرنگار بوونەوەی ستەمکاران و ئیلھام بەخشی ئازادیخوازی لە خەباتی دژی پاوانخوازی زانی و وتیشی: ئەم پێغەمبەرە مەزنەو دایکی پاکیزەی گەلێک جار لە قورئاندا بە گەورەیی یادیان کراوە.

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ھەروەھا ئاماژەی کردە قەیرانی کۆرۆناو پێی داگرت: گۆڕانکارییە جیھانییەکان بەتایبەت بە تەشەنای کۆرۆنا ئەوەی دەرخست کە ئاسایشت و چارەنووسی مرۆڤەکان پێکەوە بەستراون.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ھاوکاریی وڵاتان لەم قەیرانەدا بە تایبەت لە بواری کوتان، لە بەرامبەر درێخی کردنی ھێندێک لە دەوڵەتەکان لە ناردنی کەل و پەلی پێویستی بواری تەندروستی و بایکۆتی نەتەوەکان، ئەوەی بە ئاشکرا دەرخست نیزام و سیستێمی نێونەتەوەیی بە توندی پێویستی بە بەھرەوەرگرتن لە ژیرایەتی، دادگەری و مەعنەوییەتە.

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» لە کۆتایی دا ھیواداریی دەربڕی کە لە ساڵی تازەی زایینی دا بە ڕەچاوکردنی فەزیلەتە ئەخلاقییەکانی ئایینە ئیبراھیمییەکان و لە سای ھاریکاریی ھاوبەشی دەوڵەتەکان سەختی و دژوارییەکان لە جیھاندا بڕەوێتەوە، خۆڕاگری و بەرنگاریی گەلان لە ئاراستەی سەندنی مافی خۆیان بە ئاکام بگات و بە پێی مزگێنیی حەزرەتی مەسیح(ع)، خواستی ئیلاھی لە بارەی حکومەتی بەندە ساڵح و پاکەکانی پەروەردگار لە پانتایی ئەم گۆی خاکییە وەدی بێت و مرۆڤایەتی ڕزگاری بە خۆیەوە ببینێت.

سبەینێ شەممە یەکەمی ژانویەی ساڵی ٢٠٢٢ دەستپێکی ساڵی نوێی زایینییە.

سەرپەیڤ