ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا ھەوڵ دەدات
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا ھەوڵ دەدات.
«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتالیایی «لا رێپۆبلیکا» وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشەی ئەمریکا لە بارەی ڕادەست کرانی سەدان خۆفڕی ئێران بە ڕووسیا، وتیشی: تاران لە ھەر ھەنگاوێک کە ببێتە ھۆی توندبووەنەوەی پێکدادانەکان لە ئۆکرانیا، خۆی دەبوێرێت.
ئەمیرعەبدوڵڵاھییان بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران ھاوکاریی جۆربەجۆری لەگەڵ ڕووسیا ھەیە کە بواری بەرەڤانیش لەوانەیە، وتیشی: ئێران یارمەتیی ھیچکام لە لایەنە تێکھەڵچووەکانی شەخڕی ئۆکرانیا نادات، چونکو دڵنیایە ئەم شەرە سەرەنجام ھەر دەبێ کۆتایی پێ بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ھێندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوانە ئەمریکا خەریکی چێکردنی چەک و چۆڵ و ھەوڵدان بۆ فرۆشتنیانن، کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەوڵی ئەوە دەدات ھەتا لە ھەر ھەنگاوێک کە ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکەی لێ بکەوێتەوە، خۆی ببوێرێت.