کەنعانی : بەردەوامین لە پێوانی رێگای دانوستان، ئەمریکا وەڵامی نەداوەتەوە
وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و شێوەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی ئێران، وتی: هەر لە ڕێگای دانوستانەکاندین و رێگا بدەن کە جارێ لەسەر وردەکارییەکان باس نەکەین.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانەکانی ڤیەنا و شێوەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی ئێران وتی: بەتەواوەتی دەتوانین بڵێین کە هێشتا لەسەر ڕێگای دانوستانەکانین ورێگا بدەن تا لەسەر وردەکارییەکان کە هێشتا ڕوویان نەداوە، نەدوێین .
ناوبراو جەختی کردەوە: تا ئێستا ئەمریکا وەڵامێکی بە پێشنیارەکانی لایەنی ئەورووپی نەداوەتەوە.
کەنعانی بە وتنی ئەوەی کە تا ئێستا پێشکەوتنی باشمان هەبووە، ڕایگەیاند: دانوستان کۆمەڵێک بابەتە و ئەبێ لەسەری ڕێککەوتن بکرێت. تا کاتێک کە لەسەر هەموو بابەتەکان ڕێککەوتن نەکرێت ناتوانین بڵێین کە ڕێککەوتنمان کردووە.
ناوبراو وتی: پێم وایە ئەمریکا بەرپرسی ئێستای دۆخی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ڕێکنکەوتن تا ئێستایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوانی لایەنی بەرانبەر نابێت، ڕایگەیاند: چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەیێندراوە کە ئێمە ڕەوتی بژێوی ژیان و ئابووری وڵاتمان گرێ نەداوە بە ڕەوتی دانوستانەکانەوە و هەر جۆرە هەوڵ و تێکۆشانێکی لایەنی ئەمریکی، لۆبییەکانی ئیسرائیل و بێ کردەوەییەکانی ئەورووپا، نابێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەست لە داواکاییەکانی خۆی هەڵبگرێت.
کەنعانی سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا جەختی کردەوە:با لە پرسی زیندانییەکان لە چوارچێوەیەکی مرۆڤانەوە بڕوانین و چارەنووسی ئەوان گرێ نەدەینە دانوستانەکانی ڤیەناوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریکا باسمان کردووە و هیوادارین بە شێوەی ئەرێنی بچێتە پێشەوە.
کەنعانی لە درێژەی کۆنگرەکەدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئیران و عەرەبستانیش وتی: پرسی هاوبەش و جۆراوجۆرمان لەگەڵ عەرەبستان لە بواری دوولایەنە و ناوچەیی هەیە و گفتوگۆکان بۆ دەسپێکردنەوەی پێوەندی فەرمی دوو وڵاتەکە بەرژەوەندی هەر دوولا دابین دەکات.
ناوبراو وتیشی هەرچەندە جیاوازی ڕاو بۆچوون لە هەندێک بابەت دا هەیە بەڵام ڕەوتی گفتوگۆکان ئەرێنییە و لایەنی بەرامبەریش هەنگاوی باشی هەڵیناوە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێوەندی سووریا و تورکیا جەختی کرد: حکومەتی تورکیا باشتر وایە ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا ڕاست بکاتەوە و بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ سووریا ڕۆڵ بگێڕێت.