ئه‌یلوول 23, 2022 12:15 Asia/Tehran
  • ڕەییسی لە نیۆیۆرکەوە گەڕایەوە بۆ تاران

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی پاش به‌شداری له‌ حەفتاوحەوتەمین کۆگه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ئه‌مڕۆ نیویۆرکی به‌ره‌و تاران به‌جێ ھێڵا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «سید ئیبراهیم ڕەییسی»، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، دوای بەشداری کردن و وتاردانی لە  حەفتاوحەوتەمین کۆگه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، بەشداری کردن و وتاردان  لە لوتکەی گۆڕینی پەروەردە لە یونسکۆ، کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، دیدارو وتووێژ لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی جۆربەجۆر، کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕابەرانی ئایینی، کۆبوونەوە لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی باڵای میدیاکانی ئەمریکا، بەستنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و کۆبوونەوە لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە، ڕۆژی هەینی نیویۆرکی بەرەو تاران بەجێ ھێڵا.

سەردانەکەی ڕەییسی بۆ نیویۆرک لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی «ڕێکمەندیی دادگەرانەی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی فرەلایەنیی ئابوورییەوە» ئەنجام درا.

یەکەم دەرکەوتنی «ڕەییسی» لە کۆگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دەستپێشخەرییەکی تایبەت و بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدی نەمر«حاج قاسم سولەیمانی» بوو، کە هەر زوو بوو بە هەواڵێکی گرنگ بە جۆرێک کە جیهان جارێکی دیکە ھەستی بە دڕندەکارییەکانی ئەمریکا و سووربوونی  ئێران بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە مافەوانییە کرد.

پەیامی سەرەکیی وتارەکەی سەرۆکی کۆماری ئێرانی ئیسلامی جەختکردنەوە بوو لە دادپەروەری و ڕەت کردنەوەی ستەمکاری و هەژموون، کە نموونەکانی لە مافی مرۆڤ، تیرۆر و پرسی ئەتۆمی دا دەستنیشان کردو پێشی لە سەر ئەوە داگرت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو، سەرەڕرڕای ھەموو باج و تێچوویەک لە ڕێبازی پاراستنی سەربەخۆیی ھەنگاوی ھەڵگرتووەو ئەم ڕێبازەش بەردەوام دەکات.

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ نیویۆرک، «حسەین ئه‌میرعه‌بدوڵڵاهیان» وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ و «غوڵامحسێن ئیسماعیلی» سه‌رۆکی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمارەتیی ئیسلامیی ئێران و «محه‌ممه‌د جه‌مشیدی» جێگری کاروباری سیاسیی نووسینگەی سه‌رۆک کۆمارەتیی ئیسلامیی ئێران و «عه‌لی باقڕیی کەنی» جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ کاروباری سیاسی و «وەحید جەلال زادە» سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێرانیشی لەگەڵدا بوو.

سەرپەیڤ