تشرینی یه‌که‌م 26, 2022 14:07 Asia/Tehran
  • نازم دەباغ: ئەگەر خۆتان بە میوان دەزانن دەبێ ڕێز لە ماڵی میوانداریش بگرن

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند: ئەو تاقمانەی دژی ئێران دەبێ پابەندی یاساکانی ھەرێمی کوردستان بن و ئەگەر خۆیان بە میوان دەزانن دەبێ ڕێز لە ماڵی میوانداریش بگرن.

«نازم دەباغ» نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران شەوی سێ شەممە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دا لەگەڵ بەرنامەی «زایەڵە»ی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان ھەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەرەنجامی پەیوەندییەکی لەمێژینەتر زانی و ڕایگەیاند: پێویستمەندیی جوگرافییایی و ڕاپەڕینی خەڵکی ئەودیوی سنوورەکان لەدژی ڕژێمی بەعس، بەستێنی پێویستی بۆ دامەزرانی ئەو پێوەندییانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئینجا بەهێزترکردنی ڕەخساندو لەپاش ڕوخانی ڕژێمی سەددام و پێکھاتنی ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی حیزبی ھاتنە دەرەوەو چوونە قەواخی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە ھەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران ھەروەھا لە بارەی ڕۆڵی سەرداری شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» لە ھێزمەند کردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی دژە داعشیش وتی: «حاج قاسم سولەیمانی» وەک ھەموو لایەک ئاگادارن فەرماندەرێکی مەیدانیی ڕاستەقینە بوو کە لە شەڕی دژی داعش دا شوێنپەنجەی تەواو دیارو بەرچاو بوو، من بۆ خۆم زۆر جار وتوومە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبایە داعش لە ھێرشەکانی بۆ سەر عێراق بەغداشی داگیر دەکرد.

ئەم ئەندامە باڵایەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی عێراق لە بارەی پەیوەندیی یەکێتیی نیشتیمانی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە وتی: یەکێتیی نیشتیمانی ئەو پەیوەندی و ھاوکارییانەی لەگەڵ ئێراندا بەس بۆ یەکێتی پێ و شوێن ناگرێت ، بەڵکو لە ئاراستەی دابین کردنی ئاسایشتی تێکڕای ناوچەکە بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەنگاو ھەڵدەگرێت و ئەو پەیوەندییانەشی ھەروا بەردەوام دەکات. گەرچی بە سەرنجدانی ئەو سەردەمەی کە ڕەوانشاد مام جەلال تاڵەبانی لە ژیاندا بوو جیاوازیی زۆرەو ئەو ئاستی پەیوەندییانەی کە بەڕێزی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی دا ھەیبوو لەگەڵ ئێستادا بەراورد ناکرێت.

نازم دەباغ ھەروەھا لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە چ لەمپەرگەلێک ڕێگرن لە بەردەم پەرەگرتنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: لام وایە ئەو لەمپەرانە زیاتر بۆ دۆخی نێوخۆی عێراق دەگەڕێنەوە، چونکو بمانەوێ و نەمانەوێ عێراق لە ھۆزو ئایین و ئایینزای جۆربەجۆر پێکھاتووەو ئەمەش جاری وایە ھێندێک کێشەی لێ دەکەوێتەوە کە دیارە شوێن لە سەر پرسی کوردەکانی عێراقیش دادەنێت، کاتی خۆی کەسایەتییەکی وەک «مام جەلال» کە وەک «دەرچەی ئەمان» ناویان دەبرد لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دا  خێرا بەو ئاستەنگانەی دەزانی و ڕێگاچارەی بۆ دەبینیەوە، بەڵام لە ئێستادا کاربەدەستانی عێراقی بە جۆرێکی تر بۆ ڕێگاچارەکان دەڕوانن و لە ئەنجام دا کێشەکان قوڵتر دەبنەوە،ئینجا لێرەدا ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی گەلێک گرینگە و لە کاتی سەرھەڵدانی کێشەدا دەبێتە نێوەندگر، بە تایبەت کاتی خۆی «حاج قاسم سولەیمانی» لە گەییشتن بە ڕێگاچارەکان ڕۆڵێکی بنەمایی ھەبوو یان لانیکەم بە جۆرێک ھەڵس و کەوتی دەکرد کە ئارامییەکی نیوەچڵ دادەمەزرا.

نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەی زایەڵە لەمەڕ جەختی کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان بە پارتی و یەکێتیشەوە لە سەر بەکار نەھێنرانی خاکی ھەرێم لە دژی وڵاتانی دراوسێ وتی: ئەو ھێزە نەیارانەی ئێران کە ئێستاکە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن ئێمە نەمانھێناون و لە سەردەمی حکومەتی ڕابردووی عێراق ھاتوون، بەڵام ڕێککەوتنێکی ھەرەکۆن لە نێوانماندا ھەیە کە لە ئێستادا بنەمای سیاسەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێک دێنێ و ئەویش ئەوەیە کە بنکەکانی ھیچ ھێزو گروپێکی سیاسی لە ھەرێم دا نابێ ببێتەھۆی نیگەرانیی وڵاتانی دراوسێ. لەم دواییەش دا زۆر جار ھەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەم سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێ ئەو گروپانە نیگەرانی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەن. دیارە ئەو تاقمانەی دژی ئێران دەبێ پابەندی یاساکانی ھەرێمی کوردستان بن و ئەگەر خۆیان بە میوان دەزانن دەبێ ڕێز لە میواندارو ماڵی میوانداریش بگرن.

نازم دەباغ لە بارەی ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وتی: ئەوەی ئێستا ھەیە بە ڕای من کەم نییە، لەوانەیە جاروبار توشی ھێندێک ھەڵچوون و داچوون ببێت کە ئەویش بۆ چەسپاونەبوونی نرخی دراڤە دەرەکییەکان دەگەڕێتەوە، وەھا نییە کە سیاسەتێک لە ھەرێمی کوردستاندا پەیڕەو بکرێت بۆ دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ