تشرینی دووه‌م 11, 2022 17:31 Asia/Tehran
  • هۆشداریی سەرلەشکر سەلامی: بە دڵنیاییەوە ئۆقرە لە دوژمنان دەبڕین

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بە دەربڕینی ئەمەی کە تاوانەکانی دوژمن بێ وەڵام نامێنێتەوەو دەبێت تۆڵەی خوێنی شەهیدانیان لێ بکرێتەوە، وتیشی: ئەوانە ترساون و بەردەوام پەیاممان بۆ دەنێرن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەرداری سەرلەشکر «حسەین سەلامی» فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە نەریتی یانزەھەمین ساڵگەڕی شەھید بوونی «سەردار حەسەن تەھرانیی موقەددەم» فەرماندەی یەکەی موشەکیی سپا کە بەیانیی ئەمڕۆ ھەینی لە بەھەشتی زەھراو لە تەنیشتی گڵکۆی ئەم شەھیدە مەزنەدا بەرپا کرا، وێڕای ئاماژە کردن بە پێشکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی:

دوژمنان ئەم ڕۆژانە خەونەکانیان پێکەوە بەستەوە و بە خەیاڵی خۆیان هەموو ڕێگاکانیان لێ داخستین، کەچی سەریان بە شوورەدا ھەڵتەقی،گەلی ئێران نەوستاوە و لە جوڵەدایە.

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە،دوژمن هەوڵ دەدات ئێران لە نێوخۆی وڵاتدا تێوەگلێنێت و چاومان لە ئاسۆی بەرزەوە بۆ نێو جەرگەی تاران ڕابکێشێت، وتیشی:

لەم دۆخەدا دژە شۆڕشمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج، مانۆڕێکی گەورەمان لە کەناری ڕووباری ئاراس ئەنجامدا، سەتەلایتبەرێکمان هەڵدا، سیستەمی موشەکی «باوەر 373»مان بە مەودای 300 کیلۆمەتر تاقیکردەوەو ڕۆژی ڕابردووش ڕامانگەیاند کە موشەکێکی نوێمان پەرەپێداوە کە هیچ قەڵغانێکی موشەکی ناتوانێت بەرنگاری بێتەوە.

سەرلەشکرسەلامی جەختی لەوەش کردەوە کە: بە دوژمنانمان گوت ئۆقرەتان لێ دەبڕین و بە دڵنیاییەوە ئەو کارەش دەکەین. ئێستا چەند ڕۆژێکە ئۆقرەیان لێ بڕاوەو لە ئامادەباشیدان، ترساون و بەردەوام لە ڕێگای چەند وڵاتێکەوە پەیاممان بۆ دەنێرن لێمان مەدەن.

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە کە نەتەوەی ئێران ھەڵسەنگاندنەکانی دوژمن دەگۆڕێت و ڕایگەیاند: دوژمن هەڵەیەکی کرد و پێی وابوو بە ناردنی ژمارەیەک گەنج کە لە جەرگی خۆمانن و ھەڵخەڵەتاون ، دەتوانن بەرنگاری شکۆمەندیی شۆڕشێکی گەورەو جیهانی ببنەوە.

سەرلەشکر سەلامی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە تاوانەکانی دوژمن بێ وەڵام نامێنەوە و دەبێ تۆڵەی خوێنی شەهیدانیان لێ بکرێتەوە، وتیشی: ئەمجارەش بە هەڵەکەی خۆیان شکستیان پێ دەهێنین.

سەرپەیڤ