بانگ کرانی باڵوێزی فەرەنسا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران
باڵوێزی فەرەنسا لە تاران دوابەدوای کردەوەی بڵاوکراوەیەکی فەرەنسی لە مەڕ سوکایەتیکردن بە مەرجەعییەت، پیرۆزایەتی ، بەها ئایینی و نەتەوەییەکان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.
گۆڤاری «شارلی ئیبدۆ»ی فەرەنسی ڕۆژی (٤ی ژانویە) ژمارەی تایبەتی خۆی تەرخان کرد بە کێبەرکێیەکی نێونەتەوەیی بۆ کێشانی کارتۆن بە وێنەگەلێکی پڕ لە سووکایەتیی ھاوڕێی وشەو دەستەواژەی ناشیرین و سووکایەتی پێکەر.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم بانگەوازەدا، وێڕای گەیاندنی ناڕەزایەتی توندی تاران بە حکومەتی فەڕەنسا، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران سوکایەتی بە پیرۆزایەتی، بەھا ئیسلامی و ئایینی و نەتەوەییەکانی خۆی بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و فەرەنساش مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ئازادیی ڕادەربڕین، پاساو بۆ سووکایەتیکردن بە پیرۆزایەتییەکانی وڵات و گەلانی دیکەی موسڵمان بهێنێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاماژەدان بە مێژووی ڕەشی ئەم بڵاوکراوە فەرەنسییە لە مەڕ هێرشکردنە سەر کەسایەتیی پیرۆزی پێغەمبەری ئیسلام، قورئانی پیرۆز و ئایینی ئیسلام، ڕوونی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاریەتیی ئەم کارە قیزەون و پڕلە سووکایەتی و پاسا ھەڵنەگرە لە ئەستۆی حکومەتی فەرەنسا دەزانێت.
کەنعانی بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی پیشاندانی کاردانەوەیەکی ھاوتەریب بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێ، یاداشتنامەی ناڕەزایی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی لەم پێوەندییەدا ڕادەستی بە باڵوێزی فەرەنسا، «نیکۆلاس ڕۆش» کردو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەو ھەنگاوی قەرەبووکارانەی حکومەتی فەرەنسا دەکات لەمەڕ ئیدانە کردنی ڕەفتاری قبوڵنەکراوی ئەو بڵاوکراوە فەرەنسییە.
«نیکۆلاس ڕۆش» باڵوێزی فەرەنسا لە ئێرانیش لە وەڵامدا جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەجێ ئەو بۆچوونانەو دەقی یاداشتی ناڕەزایەتییەکە دەگەیەنێتە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی.