کانونی دوھەم 10, 2023 20:07 Asia/Tehran
  • دەستگیرکرانی ١٣ کەس تێکدەرانی سەربە موساد لە ئێراندا

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ٦ تیمی ئۆپەراسیۆنی موسادی دەستنیشان کرد و ١٣ کەس لە تێکدەرانی سەربەم ڕێکخراوە سیخوڕی-تیرۆریستییەی دەستگیر کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دوابەدوای ئاگاداری نامەکەی ٢٢ی دیسامبەری ئەم وەزارەتخانەیە لە بارەی زەبروەشاندن لەچوار تیمی ئۆپراسیۆنی ڕێکخراوەی سیخوڕی_تیرۆریستیی موساد ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ھەوڵی بێ وچانی ھێزە ئاسایشتییەکانی ئێران ، ژمارەی تیمە دەستنیشانکراوەکان بۆ ٦ تیم زیادی کرد.

ئەم ڕاگەیاندنە دەشڵێت، لەم تۆڕە تیرۆریستییەدا، ٢٣ کەس لە تێکدەرانی ئۆپەراسیۆنی و پشتیوانیی سەربە موساد لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، یەزد، ئازەربایجانی ڕۆژئاواو گۆلستانی ئێران دەستنیشانکراون و تا ئێستا ١٣ کەسیان کە لە نێوخۆی وڵاتدا بوون، دەستبەسەر کراون و ئامێری جۆراوجۆری کاری تێکدانیان پێوە گیراوە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، بەرپرسی ئەم تۆڕە، بە ناوی نھێنیی «سیروس»ەوە، لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپایی دا نیشتەجێیەو لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و واتساپەوە خەریکی دەستنیشانکردن و دامەزراندنی پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ تێکدەرانی نێوخۆی وڵاتدا دەبوو .

لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێراندا ھاتووە، بە پێی دوایین دەرەنجامەکان، ڕێکخراوی سیخوڕی_تیرۆریستیی موساد، بە ئامانجی کەڵک وەرگرتن لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە لە هەندێک ناوچەی ئێران، هەوڵی تیرۆرکردنی کاربەدەستێکی سەربازی و ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە لە شارە گەورەکانی وڵات و، هەروەها گواستنەوەی تەقەمەنی بە قەبارەیەکی بەرفراوان لە سنوورە دەریاییەکانی باشووری وڵاتەوە بۆ نێوخۆی ئێران داوە کە ھەڵبەت کە هەموو دەست و پێوەندەکانی بەر لە ھەر چالاکییەک دەستنیشانکران و لە چالاکی خران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەم ڕاگەیاندنەدا ئاماژەی بەوەش داوە کە، ئەمە دووھەمین شکستی گەورەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی ڕژێمی ساختە و کاتیی زایۆنیی بووە لە ماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا، کە وەک هەمیشە لە لایەن شۆڕەسوارانی ئازاو لە سەر ھەست و، پارێزەرانی ئاسایشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپەرچ دراوەتەوە.

سەرپەیڤ