شوبات 04, 2023 12:39 Asia/Tehran
  • دیداری «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڤەنزوئێلا

«حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە کاراکاس دایە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی لەگەڵ «نیکۆلاس مادۆرۆ» سەرۆک کۆماری ڤەنزوئێلا کۆبووەوەو وتووێژی کرد.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڤەنزوئێلا مێژوویەکی زیاتر لە سەد ساڵی هەیە؛ بەڵام لە دەیەی ١٩٦٠ دا بە هاوکاری لە بواری نەوتدا ئەم پەیوەندییانە گەشەی کرد و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ش، ڤەنزوئێلا لە ڕیزی یەکەم وڵاتانێک بوو کە حکومەتی نوێی ئێرانی بە فەرمی ناسی.

لە ئێستادا هەردووک وڵاتەکە لە ژێر سزاو بایکۆتی تاکلایەنەی ئەمریکادان و لەسەر پرسەکانی وەک بەرگریکردن لە فرەلایەنی، پێویستیی بەرپەرچدانەوەی ڕێوشوێنی نایاسایی و تاکلایەنەی ئەمریکا، مافی ڕەواو نەگۆڕی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی و دانپێدانان بە مافی ڕەوای گەلی فەلەستین ڕوانگەیەکی هاوبەشیان هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» و «نیکۆلاس مادۆرۆ» سەرۆک کۆماری ڤەنزوئێلا لەم دیدارەدا  پێوەندی و پەرەپێدانی هاوکاریی دوو قۆڵی و پرسە نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد.

Image Caption

دیدارەکەی نێوان «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»و «نیکۆلاس مادۆرۆ» لە کۆشکی سەرۆکایەتیی «میرافلۆرێس» ئەنجامی گرت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارەکە دا وێڕای ئاماژەکردن بە گەشتەکەی «مادورۆ» بۆ تاران، واژۆکرانی بەڵگەنامەی هەمەلایەنەی هاوکاریی لەو سەردانەدا وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دا بە گرنگ لێکدایەوەو ھیوای خواست کە ھەرچی خێراتر بڕگەکانی نێو بەڵگەنامەکە لە ئاراستەی بەهێزکردنی هاوکاری و پەیوەندییەکان بچنە واری جێبەجێکردنەوە.

«نیکۆلاس مادۆرۆ»ی سەرۆک کۆماری ڤەنزوئێلاش ھەر لەو دیدارەدا  وێڕای ئاماژەدان بە ئەزموونەکانی دوو وڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان، جەختی لە پێویستیی هێزمەندکران و پتەوکرانەوەی بناغەی پەیوەندی و هاوکارییەکان کردەوە.

لە دیدارەکە دا «نیکۆلاس مادۆرۆ» وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاسپارد ھەتا سڵاوی گەرم و دۆستانەی بە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی و سەرۆک کۆماری ئێران ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەئیسی بگەیەنێت.

Image Caption

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی گەییشتە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوئێلا و لەلایەن وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و جێگری وەزیری دەرەوەی ڤەنزوئێلا پێشوازیی لێکرا.

بەڕێزی ڕۆژی هەینی هەروەها لەگەڵ «ئیڤان خیل» وەزیری دەرەوەی ڤەنزوئێلا و «تاریق عیسامی» وەزیری نەوت و «ڕودریگێرز»ی جێگری سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەش دیدارو وتووێژی کرد.

سەرپەیڤ