وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دا لە ھەنگاوەکانی گرژی دروستکەری ئەمریکا لە ناوچەکە و سووریا
وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوە بە ھەنگاوی گرژی دروستکەری سوپای ئەمریکا لە سووریا، هۆشداری دا کە هێرش کردنە سەر ئەو بنکانەی کە لەسەر داوای حکومەتی سووریا دامەزراون، وەڵامدانەوەی بەرامبەری بەدواوە دەبێت.
کەناڵی هەواڵدەریی ئەلمەیادین بڵاویکردەوە کە هێرشێکی موشەکی کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
"پنتاگۆن"ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە پارێزگای دێرەزۆری سوریا کراوەتە ئامانج.
«کەیوان خوسرەوی» وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە هێرش کرانە سەر بنکە نایاساییەکانی ئەم وڵاتە لە سوریا، وتی: هەر جووڵەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئەو بنکانەی کە بە داخوازیی حکومەتی سوریا دامەزراون بە بیانووی بەرنگار بوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش لە خاکی ئەم وڵاتە بەبێ دواکەوتن لەگەڵ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ دا بەرەوڕوو دەبێتەوە.
«خوسرەوی» ڕۆژی شەممە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە دەست ھەبوونی ئێران لە هێرشی سەر بنکە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا دەربڕی و وتیشی: ئەمریکا بە چەواشەکاری و ھەڵاتن لە دەرئەنجامی داگیرکردنی نایاسایی بەشێک لە خاکی سوریا خاک لە ھەوڵی بوختان کردن بۆ ئێرانە.
وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، واشێنگتۆن ناتوانێت بە دروستکردنی قەیرانی دەستکرد و درۆینە، ڕووبەڕووبوونەوەی سروشتی و یاسایی وڵاتانی داگیرکراو لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئۆباڵی گەردنی وڵاتانی دیکە بکات.
«خوسرەوی» لە درێژەدا وتیشی: ئێران لە پێناو مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆریزمی پەیوەندیدار و دروستکردنی ئاسایشی سەقامگیر لە سوریا تێچووی زۆری بەرکەوتووە و لەم ئاراستەیەدا دژایەتیی هەر کارێکیش دەکات کە سەقامگیری ئەم وڵاتە بخاتە مەترسییەوە.
وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی ڕاشیگەیاند: ڕۆڵی ئەمریکا لە دروستکردن و پشتیوانیکردنی داعش وەک ئامرازێکی بریکار بۆ بەدواداچوونی ئامانجە سیاسییەکان لە سوریا و عێراق بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە.