May 09, 2023 16:55 Asia/Tehran
  • پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ جۆزێپ بورێڵ

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا «حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران و «جۆزێپ بۆرێڵ» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا، وتووێژی نێوان ئێران و ئەورووپا و ڕووداوەکانی ئۆکرانیا تاوتوێ کران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» لەم وتووێژەدا پرەنسیپی دانوستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتری بە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ لابردنی ئاستەنگەکان و بەرەوپێشچوون لە ڕێبازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا و کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و بە ئاماژەدان بە وتووێژەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئەوروپا، وتی : بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە لایەنە بەرامبەرەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دا ھەنگاو ھەڵدەگرن.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پێشوازی لە دەستپێشخەریی بنیاتنەر دەکات.

لە وەڵامی لێدوانەکەی بورێڵ سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو تیرۆریستەی ڕووداوەکەی ئەهوازیش، ڕوونی کردەوە کە: لەبری ئەوەی ئیرادەی پتەوی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا نیشان بدەن، هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا بەداخەوە بە گرتنەبەری هەڵوێستی دەستێوەردەرانە یارمەتیی برەوسەندنی دیاردەی ترسناکی تیرۆر دەدەن.

لەم وتووێژەدا دوایین پێشهاتەکانی ئۆکرانیاش باس کرا.

لەم وتووێژەدا، وێڕای پێشوازی لە هاوکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، درێژەی ئەو هاوکارییەی بە سودمەند و ئەرێنی  نرخاند.

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش وتی: بەرجام بۆ یەکێتی ئەوروپا گرنگە و ئێمە کار بۆ گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ ئەم ڕێککەوتنە دەکەین.

بورێڵ ئاماژەی بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیازیش کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ لە پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکەی زانی.

سەرپەیڤ